ترەمپ گوێی بە داوای ئەڵمانییەکان نەدا و سوپاکەی کشاندنەوە

"وزە لە رووسیا دەکڕن"

K24- هەولێر:

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلانی کشانەوە نۆ هەزار و 500 سەربازی لە ئەڵمانیا پەسەند کرد.

مانگی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند،  هێزەکانی لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە چونکە بەرلین پارەی پێویست ناداتە رێکخراوی ناتۆ. هەروەها رەخنەی ئەوەی لە ئەڵمانیا گرت کە وزە و گازی سرووشتی لە رووسیا دەکڕێت.

لە ئێستادا، 34 هەزار سەربازی ئەمەریکی لە ئەڵمانیا ماون و نازانرێت چارەنووسیان چی بەسەر دێت.

لەبارەی ئەو سەربازانەش کە ئەڵمانیا جێ دەهێڵن، ئەمەریکا نیازی هەیە، بەشێکیان بۆ پۆڵەندا بنێرێت.

ترەمپ چەند جارێک رەخنەی ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرتووە کە ئەمەریکا پارەیەکی زۆر لە پاراستنیان خەرج دەکات لە بەرامبەردا واشنتن هیچ وەرناگرێت.

پێشتر حکومەتی ئەڵمانیا داوای لە ئەمەریکا کردبوو هێزەکانی نەکشێنێتەوە، بەڵام داواکە رەتکرایەوە، ئەمەش پەیوەندی نێوان واشنتن و بەرلینی خراپ کردووە.

DW