ھەسەدە: مژدەی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە رادەگەیەنین

تەنھا 10% رەققە لە دەستی داعشدا ماوە
kurdistan24.net

K24 - رەققە

جیهان شێخ ئه‌حمه‌د، گوته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنی توڕه‌یی فورات له‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ كوردستان24 راگه‌یاند: "له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا شاری ره‌ققه‌ له‌ سووریا به‌ ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، لە ئێستادا 90% رەققە لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانی سووریای دیموكراتدایە و تەنھا 10% شارەكە لە بن دەستی داعشدا ماوە".

گوتیشی: "داعش ھەموو ھێزی خۆی بۆ بەرگری لە رەققە بەكاردەھێنێ، ھەوڵدەدات بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكرا و دانانەوەی بۆمب رێگری لە ھێزەكانمان بكەن، بەڵام ناتوانن ھێزەكانمان بوەستێنن و لەماوەیەكی نزیكدا مژدەی  سەركەوتنی یەكجاری لە رەققە رادەگەیەنین".

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، چەندین ناوچەیان لە دەوروبەری رەققە كۆنترۆڵكرد، دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری رەققە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵكرایەوە، دواتر ئۆپەراسیۆنیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوەندی رەققە دەستپێكرد.