رێباز حەملان: پارە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران ئامادەیە

"كۆبوونەوەیەكی باشمان ئەنجامداوە"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا وەزیری دارایی ھەرێمی كوردستان و پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە ھەولێر ئاشكرا كرد و رێباز حەملان ئاشكرای كرد، پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە لقی ھەولێری بانكی ناوەندی عێراق ئامادەیە بۆ دابەشكردنی و چاوەڕێی فەرمانی عەبادی دەكەن.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر ئەو بانكانەی، كە بانكی بازرگانی ھەرێمی كوردستانن و لەلایەن حكوومەتی عێراق مۆڵەتیان پێنەدراوە رێككەوتین، لە قۆناخی یەكەمدا ژمارەیان بانكەكان كەمبكرێتەوە، لە قۆناخی دووەمیشدا مۆڵەت بدرێت بەو بانكانە و لەلایەن بەغداوە مامەڵەی فەرمیان لەگەڵ بكرێت".

گوتیشی: "لەبارەی گومرگەكان گفتوگۆمان كرد و ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەیەكی بەفراوان بۆ رێكخستنەوەی پێناسەی گومرگەكان ئەنجامدەدرێت، ھەروەھا خاڵێك ماوە تا 30 مانگی حوزەیران كۆتایی پێدێت، ئەویش بابەتی كۆمپانیاكانە كە لە ھەرێمی كوردستان و عێراق ھەن، بە گشتی كۆبوونەوەكەمان زۆرباش بوو".

رێباز حەملان، گوتی: "لەسەر بابەتی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بانكی ناوەندی ھەموو ئامادەكارییەك كراوە، ھەموو ئەو پارەی پێویستە بۆ مووچەی فەرمانبەران لە لقی ھەولێری بانكی عێراق ئامادەییە، تەنھا ئەوە ماوە حەیدەر عەبادی بڕیارەكە بدات، وەك بەڵێنیداوە كە پێش نەورۆز مووچەی فەرمانبەران خەرج بكرێت".

روونیكردەوە: "زیاتر لە 90% كارەكانی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە كۆتایی ھاتووە و ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی چاودێری دارایی لە بەغداوە گەیشتە ھەولێر بۆ ئەوەی دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر ئەو بابەتە بداتەوە بەغدا".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24، لەبارەی خەرجكردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی ھەرێمەوە، رێباز حەملان ئاشكرای كرد: "وەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، پێش نەورۆز مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكەین و دوای نەورۆزیش مووچەی بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دیكە".

ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند: "دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە رێككەوین، كە بانكی ناوەندی دەسەڵاتی چاودێری كردنی لە دامەزراوە داراییەكان ھەبێت، لە سەردانماندا بۆ ھەولێر چووینە چووینە لقی بانكی ناوەندی لە ھەولێر، ئەو بانكە پشتگیری راستەوخۆی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە لێدەكرێت و لەلایەن وەزیری دارایی ھەرێمەوە ئاسانكاری تەواوی بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی رۆڵی خۆی ھەبێت، بەپێی ئەو خاڵانەی كە بۆ پڕۆسەی ھەمانگی دیاركراون".

 عەلی عەلاق، ئاماژەی بەوەشدا: "لەسەر ئەوە رێككەوتین كە باجەكان لە ھەولێر و بەغدا جیاوازی نەبێت و بە یەك سیستم كار بكرێت و یەك جۆر باج وەرگرتن ھەبێت".

ھ.م