تەرمی سەدام حوسێن دیار نامێنت

ئەو كۆشكەی گۆڕەكەی لێ نێژرابوو خاپووركراوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d849153c-89e4-466a-8773-cd9a3f1f260c/041718BMP.ism/manifest

K24 - ھەولێر

تەرمی سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشووتری عێراق، لە گوندی عوجەی باشووری تكریت، لەناو ئەو کۆشکە بەخاکسپێردراوە، کە پێشتر کۆشکی پێشوازیکردنی لە سەرۆك هۆزەکانی تکریت بووە و ئێستاش کۆشکەکە خاپوور بووە، ناشزاندرێت کە گۆڕەکەی تەقێندراوەتەوە و یاخود لە دوای شەڕی داعش بەر هێرشی فڕۆکەکان کەوتووە، زانیارییەكانیش پشتراستی ناكەنەوە كە لە كاتی تەقاندنەوەی گۆڕەكە تەرمی سەدامی تێدابووە یان راگوازراوە.

لە شەڕی چەكدارانی داعش و حەشدی شەعبی، فڕۆكە جەنگییەكان، بۆردوومانی ناوچەی عوجەیان لە تكریت كردووە، كە گۆڕی سەدامی لێ بوو، ئێستا ئەو شوێنە ناوچەیەكی خاپووركراوە و شوێنەواری گۆڕەكەی سەدام نەماوە.

ئەبو جەعفەر، یەكێكە لە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عوجەی تكریت، ئەو دەڵێت: "لە پێشدا، ئەم ھۆڵە شوێنی كۆبوونەوەی سەدام حسین بووە، لەگەڵ پیاوماقوڵانی ھۆزەكانی تكریت، بەتایبەت خەڵكی عوجە، پاشان سەدام لێرە نێژرا".

ھەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پێش ھاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەكە، حەلای كچی سەدام حوسێن لە ئوردنەوە بە ھێلیكۆپتەر ھاتووە تەرمی باوكی بردووەتە ئوردن. مامۆستایەكی مێژووناس لە زانكۆی تكریت كە نەیوستووە ناوی بنووسرێت، رایدەگەیەنێت "ئەوە راست نییە كە حەلای كچی سەدام ھاتبێتە تكریت".

شێخ مەناف عەلی نەدا، سەرۆكی ھۆزی ئەلبوناسر دەڵێت: "تائێستاش ستەممان لێدەكرێت. لەبەرئەوەی كەسوكار و نزیكی سەددامین، دەكرێت نەوە لەدوای نەوە قوربانی بدەین؟ لەبەرئەوەی نزیكی سەددامین؟ سەدام تاوانی ئەنجامداوە گوناحی ئێمە چیە؟".

سەدام حوسێن لە 16 تەمموزی ساڵی 1979 تا 9 نیسانی 2003 سەرۆك كۆماری عێراق بووە و چەندین تاوانی دژی خەڵكی وڵاتەكەی بەتایبەتی گەلی كورد ئەنجامداوە، دوای چەندین دانیشتنی دادگا لە ساڵی 2006 سەدام حوسێن لە سێدارەدرا.

ھ.م