خشتەی مووچەی مانگی یەكی پێشمەرگە یەكلایی دەكرێتەوە

وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە دوا بڕیار دەدەن

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ بەرپرسانی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی، لەبارەی خشتەی مووچەی مانگی یەكی وەزارەتی پێشمەرگە كۆببنەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، ئەمڕۆ لێپرسراوی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80، سەردانی وەزارەتی دارایی دەكەن و لەبارەی خشتەی موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ كۆدەبنەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری كۆتایی دەدرێت بۆ خشتەی مانگی یەكی مووچە و ئەمرۆ بابەتەكە یەكلایی دەكرێتەوە.

دوای دەستكاریكردنی ستسەمی پاشەكەوت، وەزارەتی دارایی بڕێك پارەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە زیادكرد و وەزارەتەكەی سەرپشك كرد لە دەستكاریكردنی پاشەكەوتی پێشمەرگە و گۆڕانكاریكردن تێیدا، بەتایبەت لەو پلانەی كە 50% یان لێ بڕدراوە. تا ئێستاش بابەتەكە یەكلایی نەكراوەتەوە و ھێزەكانی پێشمەرگە ھاوشێوەی فەرمانبەران چاوەڕێن سیستەمی پاشەكەوت لە مووچەكانیان دەستكاری بكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە حكوومەتی ھەرێم گۆڕانكاری لە رێژەی پاشەكەوتی مووچەدا كردووە و مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵی چەند وەزارەت و دەستەیەكی بە سیستمی نوێ دابەشكردووە، كە بڕی پاشەكەوت كەمكراوەتەوە.

ھ.م