كوردانی جوو پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن

"پاش 100 ساڵ ژێردەستەیی دەرفەتی ئەوە رەخساوە كورد ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ"

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا كوردانی جوو لە كوردستان و تاراوگە، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن و رایدەگەیەنن "پاش 100 ساڵ ژێردەستەیی دەرفەتی ئەوە رەخساوە كورد ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی، بۆیە پێویستە ھەموان بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن".

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "دوای سەد ساڵ لە ژێر دەستەیی و زوڵم و زۆری لە لایەن رژێم و حكومەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو، كە بووە مایەی لێكەوتنەوەی دەیان هەزار قوربانی، جگە لەو پاكتاوی رەگەزیانەی كە بە درێژایی سەدان ساڵە دژ بە گەلانی كوردستان و پێكهاتەكانی ئەنجامیان دابوو، ئەمڕۆ گەلانی كوردستان خوازیاری ئەوەن كە جارێكیتر حوكمی سەركوتكردن و دیكتاتۆری بێگانە چیتر فەرمانڕەواییان نەكاتەوە، بۆیە مافێكی رەوا و دروستی هەموو گەلانی كوردستانە کە دەنگ بە سەربەخۆیی خۆیان بدەن".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا كوردانی جوو دەڵێن: " بە ناوی هەموو كوردانی جوو لە كوردستان و لە دەرەوە بانگی گەلانی ئازاد و ئاینە رەسەنەكانی میسۆپۆتامیا دەكەین، بانگی كەسایەتی و خاوەن پێگە و پایەكان دەكەین، بانگی هەموو لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان دەكەین با هەموومان پێكەوە دەنگی(بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە پێناو راگرتنی ماڵوێرانی و كۆمەڵكوژی و پاكتاوی رەگەزی و داگیركاری و شێواندنی شارستانیەت و مێژوو و هەبوونمان بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوومان بتوانن لە وڵاتێكی ئاشتی و ئارامدا خزمەتی زیاتری مرۆڤ و مرۆڤایەتی بكات".

 

دەقی راگەیەندراوی كوردانی جوو لە كوردستان و تاراوگە

بۆ راى گشتى‎هەڵويستى فه رميمان دەربارەى ريفراندوم و سەربەخۆيى كوردستان بەناوی خوای گەورە و میهرەبان هاونیشتیمانیانی خۆشەویست، گەلی کوردستان پاش سەد ساڵ لە بێ وڵاتی و ژێردەستەیی ئەمڕۆ دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە کە ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، کۆمەڵگەی کوردانی جوو بە گەرمیەوە پێشوازی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات. دوای سەد ساڵ لە ژێر دەستەیی و زوڵم و زۆری لە لایەن رژێم و حكومەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو، كە بووە مایەی لێكەوتنەوەی دەیان هەزار قوربانی، جگە لەو پاكتاوی رەگەزیانەی كە بە درێژایی سەدان ساڵە دژ بە گەلانی كوردستان و پێكهاتەكانی ئەنجامیان دابوو، ئەمڕۆ گەلانی كوردستان خوازیاری ئەوەن كە جارێكیتر حوكمی سەركوتكردن و دیكتاتۆری بێگانە چیتر فەرمانڕەواییان نەكاتەوە، بۆیە مافێكی رەوا و دروستی هەموو گەلانی كوردستانە کە دەنگ بە سەربەخۆیی خۆیان بدەن.

جووەكانی كوردستان و عێراق بە تایبەتی یەكەم ئاین بووینە رووبەڕووی فەرهود و جینۆساید و تاڵانی و رەشەكوژی و زیندە بەچاڵی و دواجاریش دەركردنی بە ناچاری لەسەر زێدی باب و باپیرانمان و داگیركردنی ماڵ و موڵكەكانمان بووینەوە و مافی هاوڵاتیبوونمان لێ سەنرایەوە، دیارە ئەو پرۆسە نامرۆییە لە ئێمەی جووەوە دەستی پێكردووە و لە جینۆسایدی كوردانی ئێزیدیەوە كۆتایی پێهاتووە.

ئێمەی کوردی جوو لە کوردستان و تاراوگە و ئیسرائیل پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکەین و کوردستان خاکی  میدەکان و خاكی پێغەمبەرمان ناحوم و دانیالە. چونكە ئاینەكەمان  پێمان دەڵێت: ئەگەر ئاسمانت موڵكی خۆت نەبێ ئاین و ئیرادە و زمانەكەشت موڵكی خۆت نابێت، بۆ ئەوەی بە ئیرادەی سەربەخۆیی خۆمانەوە دەستەكانمان بۆ ئاسمان درێژ بكەین پێویستە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین لە موڵكدارێتی خاك و ئاو و داهات و ئاسمانەكەمان لە چوارچێوەی كوردستانێكی سەربەخۆدا كە تۆلێرانس و پێكەوەژیان بێت.

ئێمە بە ناوی هەموو كوردانی جوو لە كوردستان و لە دەرەوە بانگی گەلانی ئازاد و ئاینە رەسەنەكانی میسۆپۆتامیا دەكەین، بانگی كەسایەتی و خاوەن پێگە و پایەكان دەكەین، بانگی هەموو لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان دەكەین با هەموومان پێكەوە دەنگی(بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە پێناو راگرتنی ماڵوێرانی و كۆمەڵكوژی و پاكتاوی رەگەزی و داگیركاری و شێواندنی شارستانیەت و مێژوو و هەبوونمان بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوومان بتوانن لە وڵاتێكی ئاشتی و ئارامدا خزمەتی زیاتری مرۆڤ و مرۆڤایەتی بكات.

كۆمەڵگەی كوردانی جوو لە كوردستان، كۆمەڵگەی كوردانی جوو لە ئیسرائیل كۆمەڵگەی كوردانی جوو لە تاراوگە نوێنەرایەتی كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كارووباری ئاینی

11/6/2017