لە سوید بە بەشداری 10 هەزار كەس فێستیڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەچوو

كوردستان 24 سپۆنسه‌ری میدیایی فێستیڤاڵه‌كه‌ بوو
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f2d73adb-a8d2-416d-b7d0-55a0c31d7a42/awera%20hawrami.ism/manifest

K24 - ستۆكهۆڵم:

بە بەشداری زیاتر لە 10 هەزار كەس لە كوردستانیانی تاراوگە و بە سپۆنسەری دامه‌زراوه‌ی راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ی كوردستان 24،  فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید، بە هاوكاری كۆمیتەى هێزە سیاسيیەكانی سوید، فێستیڤاڵی پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان, لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەبرد.

لەو فێستڤاڵەدا چەندین گوتاری جیاواز لەلایەن فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان و كۆمیتە هێزە سیاسيیەكان لە سوید و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە پێشكەشكران. وێڕای پەیامی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان  بۆ بەشداربووانی فێستیڤاڵەكە، كە لە دووتوێیدا سوپاسی رەوەندی كوردستانی ئەو وڵاتەی كرد و رایگەیاند "ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، بۆ دیاریكردنی چارەنووس و هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەت. دەوڵەتی كوردستان، دەوڵەتێكی ئاشتیخواز دەبێت كە لە سەر بنەمای ئیرادەی دانیشتوانی كوردستان پێكەوە دەنرێت و دەبێتە سەرچاوەی خێر و بەرەكەت و بوژانەوە بۆ كۆی ناوچەكە".

 

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە  چیرۆكەكانی ژیانی كوردستانیانی تاراوگە كرد رایگەیاند, "چیرۆكی ژیانی هەر یەكێك لە ئێوەی سەربەرز لە وڵاتی سوید و هەندەران، چیرۆكی ئاوارەیی و ئەو نەهامەتیانەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتوون، ئێستا دەرفەتە بۆ گێڕانەوەی ماف و ساڕێژكردنی برینەكان و حەسانەوە، دەرفەتە بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردستان و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی".

بارزانی داوای لە كوردانی تاراوگە كردووە "دەنگ بە سەربەخۆیی گەلەكەتان بدەن، دەنگی ئێوە هەوێنی ژیانێكی سەربەرزانە و ئازادە بۆ نەوەكانی داهاتوو، دەنگی ئێوە دەنگی ئاشتی و پێشكەوتنی گەلی كوردستانە".

لە فێستیڤاڵی سەربەخۆیی، چەندین هونەرمەندی ناسراوی كوردی تاراوگە و نێوخۆی وڵات  بە سروود و گۆرانی نیشتمانی به‌شدارییان له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا كرد.

 

كه‌یا ئیزۆ، سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە سوید، دوای تەواوبوونی فێستیڤاڵەكە، بە كوردستان24 راگەیاند "خۆشبەختانە زیاتر لە 10 هەزار كەس لە سەرتاسەری سوید بەشداریيان لەو فێستیڤاڵه‌ هەمەڕەنگەدا كرد و هەمووان بە دڵ و گیان پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپاتكردەوە".

سەرۆكی فیدراسیۆن زیاتر وتی "ئێمە بەناوی خەڵكی كوردستان و كوردانی تاراوگە پەیامێكمان بۆ حكوومەتی سوید و هەموو دونیا نارد بۆ ئەوەی پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكەن و وەك مافێكی رەوای میللەتێكی زوڵملێكراو هاوكارمان بن لە درووستكردنی دەوڵەتی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە".

 

لە لای خۆشیانەوە، رێكخەرانی فێستیڤاڵەكە سوپاسی بەشداری گەرم و گوڕی رەوەندی كوردستانی سویدیان كرد و فێستیڤاڵەكەیان بە سەركەوتوو وەسفكرد.

فێستیڤاڵی پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان  شەممە 16/9/2017 لە گۆڕەپانی مێدبۆرگارپلاتسن لە وڵاتی سوید كاتژمێر 13:00 بە كاتی سوید دەستیپێكرد و دوای پێنج كاتژمێر كۆتایی هات.

كوردستان 24 وەك سپۆنسەری میدیایی، تەواوی چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكەی بۆ بینەرانی گواستەوە. جگە لەو فێستیڤاڵە، كوردستان 24 سپۆنسەری چەندین كەرنەڤاڵ و فێستیڤاڵی دیكەی تایبه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەدا كردووە.