نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بازگە نایاساییەكان بڕیارێك دەدات

سەرپێچیكاران دەدرێنە دادگا

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی نووسراوێك كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە و واژووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی بەسەرەوەیە، بڕیاردراوە كە نابێت ھیچ كەس و لایەنێك بەبێ یاسا بازگە دابنێت، ھەروەھا رێگری دەكرێت لە وەرگرتنی پارە بە نایاسایی لە ھاووڵاتیان.

وەك لە بڕیارەكە ھاتووە: "نابێت ھیچ كەس و لایەنێك و لەژێر ھیچ ناو و بیانوویەك بازگە دابنێت، یان ھیچ بڕە پارەیەك بە نایاسایی لە ھاووڵاتیان وەربگیرێت، جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەت و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەبەر رۆشنایی یاسا و لەژێر پەیڕەوەی رێنماییەكان بەكارەكان وەریدەگرن، دواتریش داھاتیان بەپێی پسوولەی فەرمی دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی".

لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "لەكاتی سەرپێچیكردنی ھاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیكار رەووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە و راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت، بۆ لێپرسینەوە و سزادان، بەپێی یاسا سەرەڕای پابەندكردنی بە گەڕانەوەی ھەر بڕە پارەیەك كە سەرپێچی لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە وەردەگرێت".

ھەروەھا ئەوەش خراوەتەروو: "پێویستە لەسەر ھاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كاتی ھەبوونی ھەر سەرپێچیەك لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە، ھیچ پارەیەك نەدەن بە سەرپێچیكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكەنەوە و بەڵگەی پێویستیان بخەنە بەردەست".

لە خاڵێكی دیكە بڕیارەكە دەڵێت: "وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەكانی ئاسایش بە ھەماھەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی بڕگەكانی ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكەن".

ھ.م

دەقی بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی
دەقی بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی