به‌ فه‌رمی كریستیانۆ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ئیتاڵیای وه‌رگرت

كریستیانۆ له‌ یه‌كه‌مین وه‌رزی له‌ سێریا ئه‌ی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی خوله‌كه‌ی وه‌رگرت

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پۆرتوگالی یانه‌ی یۆڤینتۆس له‌ یه‌كه‌مین وه‌رزی له‌ سێریا ئه‌ی، به‌ باشترین یاریزانی خوله‌كه‌ ده‌ستنیشان كرا.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌م وه‌رزه‌ی سێریا ئه‌ی، له‌گه‌ڵ خانمه‌پیره‌كه‌ توانیوویه‌تی تا ئێستا 21 گۆڵ تۆمار بكات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێشتا دوو گه‌ڕ له‌ یارییه‌كانی سێریا ئه‌ی ماوه‌،

هاوكات كریستیانۆ 11‌ ئاسیستیشی بۆ هاوڕێیه‌كانی كردووه‌، له‌گه‌ڵ یۆڤی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی سكۆدێتۆی به‌رزكرده‌وه‌.

سه‌میر هاندانۆڤیچ گۆڵپارێزی یانه‌ی ئینته‌ر میلان به‌ باشترین گۆڵپارێزی خوله‌كه‌ دیاریكرا، خالیدۆ كۆلیبالی یاریزانی سه‌نیگالی یانه‌ی ناپۆلی خه‌ڵاتی باشترین به‌رگریكاری خوله‌كه‌ وه‌رده‌گرێت.

میلینكۆڤیچ ساڤیچ یاریزانی یانه‌ی لازیۆ به‌ باشترین ناوه‌راستكاری ئه‌م وه‌رزه‌ی سێریا ئه‌ی ده‌ستنیشان كرا.

فابیۆ كوالیارێلای هێرشبه‌ری سامپدۆریا كه‌ به‌ 26 گۆڵ پێشه‌نگی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرتووه‌ به‌ باشترین هێرشبه‌ری سێریا ئه‌ی دیاریكرا، نیكۆلۆ زانیولۆی یاریزانی یانه‌ی رۆما خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی لاوی خوله‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد.