نیۆیۆرك تایمز: له به‌ڵگه‌نامه نهێنیه‌كه‌ی دۆسیه‌ی سه‌ڕافدا ناوی ئه‌ردوغان هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز گومانی هه‌یه، مه‌به‌ست له به‌یه‌فه‌ندی كه له‌یه‌كێك له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی دۆسیه‌ی سه‌ڕافدا هاتووه، ناوی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیایه.
دوای ئاشكرابوونی چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی "نهێنی" له دۆسیه‌ی دژ به ره‌زا سه‌ڕافی كارسازی توركی - ئێرانی، كه به‌پاساوی ساخته‌كاری و شكاندنی گه‌مارۆی سه‌ر ئێران زیندانیكراوه، یه‌كێك له به‌ڵگه‌نامه‌كان سه‌رنجی رای گشتی و میدیاكانی راكێشاوه. له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا "گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ماوه‌ی 6 خوله‌ك و 40 چركه" ئه‌نجامدراوه و ناوی "به‌یه‌فه‌ند واتا رێزدار" ده‌گوترێته‌وه، كه گومانی ئه‌وه ده‌كرێت مه‌به‌ست له "به‌یه‌فه‌ند" ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیایه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه، ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ڕاف په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كات ده‌ڵێت "قسه له‌گه‌ڵ مه‌ولود و به‌كر ده‌كه‌م"، كه به‌گوێره‌ی نیۆیۆرك تایمز، مه‌به‌ست له مه‌ولود "مه‌ولود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیایه" و به‌كریش "به‌كر بۆزداگ وه‌زیری پێشووی دادی توركیا و گوته‌بێژی ئێستای حكومه‌ته". هه‌وره‌ها گوتوویه‌تی "پارێزه‌ر شه‌یداش قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كردووه".
له به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتووه: "شه‌یدا قسه له‌گه‌ڵ به‌یه‌فه‌ند ده‌كات، ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌وا داوای لێده‌كات به‌یه‌فه‌ند قسه له‌گه‌ڵ ئۆباما بكات، راوێژكاری سه‌رۆك كۆمار له‌و باوه‌ڕه‌دایه، ئه‌مه دۆسیه‌ی سه‌ڕاف نییه، به‌ڵكو دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه. به‌كر زانیاری زیاتر ده‌داته به‌یه‌فه‌ند. ئیبراهیمیش "كه گومان ده‌كرێت ئیبراهیم كالن گوته‌بێژی سه‌رۆك كۆماری توركیا بێت" زانیاریه‌كان وه‌رده‌گرێت و قسه له‌گه‌ڵ مه‌ولود و به‌كر ده‌كات".
رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی له‌و باوه‌ڕه‌دایه، ئه‌و گفتوگۆیه‌ی كه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌ستكه‌وتووه و له 4ی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجامدراوه، ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه، كه ئه‌و ناوانه‌ی له په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا ئاماژه‌یانپێكراوه بریتین له: مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، به‌كر بۆزداغ وه‌زیری پێشووی داد و ئه‌وه‌ی به‌دوای ئۆباماشدا ده‌گه‌ڕێت واتا "به‌یه‌فه‌ند" ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیایه.
ره‌زا سه‌ڕاف كه كارسازێكی توركی - ئێرانیه و به 7 تۆمه‌تی جیاواز له ئه‌مه‌ریكا ده‌ستگیركراوه، زۆربه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش په‌یوه‌ندییان به دۆسیه‌ی ساخته‌كاری و سپیكردنه‌وه‌ی دراوی ئێرانی و شكاندنی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێرانه‌وه هه‌یه.