تومەنی ئێرانی زیان بە بازرگانانی كوردستان دەگەیەنێت

.
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەھۆی سزا بەردەوامەکانی سەر ئێران و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، جارێکی دیكە بەھای تومەنی ئێرانی رووی لە دابەزین کرد، ئەوەش زیانی بەچەندین بازرگان و ھاووڵاتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی گەیاند.

ھەر سزایەکی ئابووری بۆ سەر ئیران و دابەزینی بەھای تومەن کاریگەری راستەوخۆی تەنھا بۆ سەر ھاووڵاتیانی ئێران نەبووە، بەڵکو ئاڵوگۆڕەوان و بازرگانانی سلێمانیشی تووشی زیان کردووە، چونکە زۆرینەیان بەھۆی بەرز و نزمی بەھای دراو، لە بری قازانج ھەزاران دۆلاریان زەرەر کردووە.

بە گوتەی  بەشێک لە ئاڵوگۆڕەوانی دراوی ئێرانی، جگە لەوەی  زیاد لە 200 کەس لە سنووری سلێمانی بەھۆی دابەزینی تومەن زیانیان بەرکەتووە، لە ھەمانکاتدا خەڵکانیکیش ھەبووە لەم دابەزینە قازانجیان کردووە.

ناجێگیری بەھای دراوی ئێرانی، مامەڵەکەرانی بەو دراوە بەجۆرێک ترساندووە کە ھەندێکیان واز لە ئاڵوگۆڕی ئەو دراوە بێنن، ھەمووشیان چاویان لە بۆرسەیە بۆ ئەوەی ئەو دراوە لە جێگایەک جێگیربێت و بتوانن ئاڵوگۆڕی پێوە بکەن و تووشی زیان نەبن.