پارتی خۆی له‌ گرفته‌كانی پێكنه‌هێنانی حكوومه‌تی عێراق بێبه‌ری ده‌كات

"مه‌رج نییه‌ ده‌نگ به‌ ته‌واوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بده‌ین"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنێت، ئه‌وان به‌شێك نین لە گرفتی تەواونەكردنی كابینەی عادل عەبدولمەھدی، پەرلەمانتارێكی ئه‌و حزبه‌ش لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌ دەڵێت: "مەرج نییە دەنگ بە ھەموو وەزیرەكان بدەین، به‌ڵام نابینه‌ به‌شێك له‌ گرفت و ململانێ سیاسییه‌كان, بۆ ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی". فراكسیۆنی یەكێتیش تا ئێستا سوورە لەسەر وەرگرتنی یەكێك لەو 8 پۆستە وزارییانەی بۆ ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی حكومەتی عێراق ماون.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ناسر هه‌ركی، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌ك كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌قسه‌ی هیچ لایه‌نێك ناجووڵێینه‌وه‌ و هه‌میشه‌ خاوه‌ن بڕیاری تایبه‌تی خۆمانین، هه‌رگیز نابینه‌ به‌شێكیش له‌ گرفتی ته‌واونه‌كردنی پێكهاته‌ی كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و به‌قسه‌ی هیچ لایه‌نێكیش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ناگۆڕین كه‌ باوه‌ڕمان پێی هه‌یه‌".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، به‌ختیار شاوێس، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان 24 دووپاتیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌وای پارتی دیموكراتی كوردستان دووه‌م هێزی گه‌وره‌ی كوردین و خاوه‌ن 18 كورسی په‌رله‌مانین و جگه‌ له‌ پارتی سه‌نگی ئێمه‌ له‌ناو په‌رله‌مان له‌ تێكڕای هێزه‌ كوردستیانییه‌كانی دیكه‌ زیاتره‌، بۆیه‌ به‌گوێره‌ی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ر هێزێكی دیكه‌ی عێراق داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین و وه‌زاره‌تمان ده‌وێ".

لە چوار دانیشتنی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراقدا، نەتوانراوە دەنگ لەسەر كاندیدانی پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی هه‌شت وەزارەت بدرێت، كه‌ بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ماون. هۆكاری شكستھێنانی دەنگدان لەسەر ناوی وه‌زیره‌كانیش بۆ ناكۆكی نێوان هاوپه‌یمانی بونیاتنان و هاوپه‌یمانی چاكسازی و بونیادنان دەگەڕێتەوە، كە گرفتی سەرەکیییان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرییە، لە ھەمان كاتدا یەكێتیش سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی داد.

H.B