یەكێتی و گۆڕان پۆستی جێگرانی سەرۆكی ھەرێم و سەرۆكی حكومەتیان دەوێت

پرسی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی ھەرێم و پێكھێنانی حكومەت ھەمووی یەك پاكێجە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سبەی سێشەممە شاندی دانوستانكاری پارتی ديموكراتى كوردستان سەردانی سلێمانی دەكات، بڕیاریشە ئەو شاندە لەگەڵ ھەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە، لەلای پارتییەوە پرسی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی ھەرێم و پێكھێنانی حكومەت ھەمووی یەك پاكێجە، بزووتنەوەی گۆڕانیش ئامادەیە لەسەر كۆی پرسەكان لەگەڵ پارتی گفتوگۆبكات.

ئەمە جاری سێیەمە پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان لەسەر پێكھێنانی حكومەت گفتوگۆ دەكات، بزووتنەوەی گۆڕان نیازی وایە ھەموو ئەو پرس و وەڵامانەی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر دەكات دەستی دەكەوێت، بیانباتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە، تا دوا بڕیاڕیان لەسەر بدات.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌كانى په‌يامنێرى كوردستان24 ئەوەی بەلای پارتی یەكلا بووەتەوە، وەرگرتنی ھەردوو سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەتە، سەرۆكی پەرلەمانیش تاڕادەیەك بۆ یەكێتی نیشتمانی یەكلابووەتەوە، پارتیش دەیەوێ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لە حزبەكەی خۆى بێت و جێگری دووەمیش لە پێكھاتەی توركمان بێت. سەڕەڕای ئەوەی ھەریەك لە یەكێتی و گۆڕان لەلایەن خۆیانەوە پۆستی جێگرانی سەرۆكی ھەرێم و سەرۆكی حكومەتیان دەوێت.