بارسێلۆنا پێداگیری لەسەر گواستنەوەی ویلیان دەکات

لە ماوەی چەند رۆژێکی کەم تاکو ئێستا سێ ئۆفەری پێشکەشی چێڵسی کردووە

بارسێلۆنا سێیەم ئۆفەری پێشکەشی چێڵسی کردووە و لەسەر گواستنەوەی ویلیانی هێرشبەری ئەو یانە ئینگلیزییە سوورە.
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا و بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، دوای ئەوەی چێڵسی دوو ئۆفەری بارسێلۆنای بەبڕی 50 ملیۆن و 53 ملیۆن پاوەند رەتکردەوە، بارسێلۆنا لەسەر داوای ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەکە کە پێداگیری لەسەر کڕینی ویلیان دەکات، سێیەم ئۆفەری بەبڕی 55 ملیۆن پاوەند پێشکەشی بلووز کردووە و چاوەڕێی وەڵامی یانە ئینگلیزییەکەیە، کە چێڵسی 60 ملیۆن پاوەندی وەکو نرخی ویلیان داناوە.
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا رایانگەیاندووە، ویلیانی 29 ساڵان دوای بەسەربردنی پێنج ساڵ دەیەوێت چێڵسی بەجێبهێڵێت و داوای لە بەڕێوەبەری کارەکانی کردووە فشار بخاتە سەر یانەکەی تاکو رێگەی پێبدەن رووبکاتە بارسێلۆنا، بەرپرسانی بارساش لە رێگای فیلیپ کۆتینهۆ لەگەڵ ویلیان لەسەر هێڵن و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت ئەم هاوینە بیگوازنەوە کامپ نوو.