دەروازەی پەروێزخان كرایەوە

ھاتووچۆ لەنێوان ھەردوولا دەست پێدەكاتەوە

K24 - گەرمیان

سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی پەروێزخان رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە بەرپرسانی ئێران ئاگاداران كردونەتەوە كە دەروازەی پەروێزخان دەكرێتەوە.

عەلی تۆفیق، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومركی پەروێزخان، بە كوردستان24 راگەیاند: "كاتژمێر یەكی شەوی رابردوو بەرپرسانی گومرگی ئێران، ئاگاداریان كردینەوە كە دەروازەی پەروێزخان دەكرێتەوە و ئۆتۆمبێلی ھەردوولامان دەتوانن ھاتووچۆ بكەن".

گوتیشی: "لە ئێستادا چاوەڕێی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەكانین دەست بە ھاتووچۆ بكەنەوە".

ئارام سایەخان، گوتەبێژی مەرزی پەروێزخان بۆ كوردستان24 گوتی: "ئێستا بارھەڵگرەكان لە دیوی ھەرێمی كوردستان دەچنە نێو ئێران، قسەشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كردووە، مەرزەكە كراوەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیاران".

لەبارەی كردنەوەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، مەسعوود باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی كومرگی حاجی ئۆمەران بە كوردستان24 گوت: "تا ئێستا ھیچ بڕیار و رێنماییەك بۆ كردنەوەی مەرزی حاجی ئۆمەران بە دەست ئێمە نەگەیشتووە، بۆ دڵنیابوون ئەمڕۆش پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری مەرزی تەمەرچیان لە دیوی ئێران كردووە، ئەوانیش ھیچ رێنماییەكی فەرمیان بۆ نەھاتووە".

ھاوكات لەگەڵ بڕیارەكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئابڵوقەدانی ھەرێمی كوردستان، زیاتر لە دوومانگ دەبێت كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داخستنی مەرزەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستانداوە، دوای ماوەیەك مەرزی باشماخی كردەوە، بەڵام ھەردوو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بە داخراوی مابوونەوە، ئەو بڕیارەی ئێران زیانی زۆری بە بازرگان و كرێكارانی ھەردوولا گەیاندووە.

ھ.م