له‌ راپه‌ڕين له‌ كۆى 22 كانديد ته‌نيا دوانيان توانيان بگه‌نه‌ په‌رله‌مان

يه‌كێتى 55 ھەزار دەنگی بەدەستھێناوە و 7 كاندیدی بۆ پەرلەمان ھەبووە و یەك كاندیدی دەنگی پێویستی بەدەستھێناوە
kurdistan24.net

K24 – راپه‌ڕين:

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، لە كۆی 22 كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تەنیا 2 كاندید دەنگی پێویستییان ھێناوە و دەگەن بە پەرلەمانی كوردستان.

له‌و باره‌يه‌وه‌، ياسين خدر، كاندیدی دەرچووی بزووتنەوەی گۆڕان رايگه‌ياند، ھۆكاری كەمی دەرچوونی كاندیدانی سنوورەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەشێك لە لایەنەكان دەنگدانیان لە لایەنگرانیان بە سەرۆكی لیستەكانیان كردبوو بە مەرج، بۆیە ژمارەیەكی كەمی كاندید دەرچوونە.

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین یەكێتی نیشتمانی كوردستان 55 ھەزار دەنگی بەدەستھێناوە و 7 كاندیدی بۆ پەرلەمان ھەبووە و یەك كاندیدی دەنگی پێویستی بەدەستھێناوە، ئەوە لە كاتێكدایە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كەمتر لەم دەنگانە 5 كاندیدی یەكێتی سەركەوتووبوون بۆ پەرله‌مانى عێراق.

لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 9 پەرلەمانتاری لایەنە جیاوازەكان لە پەرلەمانی كوردستان بوون، بەڵام بۆ خولی داھاتوو ژمارەكە كەمبووەتەوە بۆ تەنیا 2 پەرلەمانتار.

بە گوتەی كاندیدانی دەرچوو ھۆكاری كەمی بەشداری خەڵك لە ھەڵبژاردن و دەنگنەدان بە كاندیدانی سنوورەكە وایكردووە ژمارەیەكی كەمی كاندیدان دەنگی پێویست بۆ پەرلەمانی كوردستان بەدەستبێنن.