پارتى له باره‌ى بڕياره‌كه‌ى دادگاى فيدراڵييه‌وه هه‌ڵوێستى خۆى راگه‌ياند
K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى ديموكراتى كوردستان، خه‌سرۆ گۆران رايگه‌ياند، "بڕياره‌كانى دادگاى فيدراڵى به دڵى پارتى ديموكراتى كوردستانن".
له لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ كوردستان24، خه‌سرۆ گۆران گوتى: "ئه‌و بڕيارانه‌ى ئه‌مڕۆ له دادگاى فيدراڵى ده‌رچوون، به دڵى پارتى ديموكراتى كوردستانه و پارتى هه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ويست كه بڕيارى له باره‌وه دراوه".
گوتيشى: "پارتى پێى وابوو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگى پێشمه‌رگه و ئاواره‌كان ناده‌ستوورييه بۆيه سكاڵاى تۆمار كرد".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانى پارێزگاى نه‌ينه‌وا به ده‌ست بژمێردرێنه‌وه، پێشبينى ده‌كه‌ين، ژماره‌ى كورسى پارتى له نه‌ينه‌وا زياتر بێت و ئێستا شه‌ش كورسى هه‌يه و بگاته حه‌وت كورسى".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى گوت: "پارتى هيچ كاتێك لارى نه‌بووه له ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به ده‌ست".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، "پارتى ئاماده‌يه هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى پێشكه‌ش به‌و دادوه‌رانه بكات، كه بڕياره له جێى كۆميسيارانى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له سنوورى پارێزگاكانى عێراق ده‌ستبه‌كار بن".
دواى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئايارى رابردوو، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به زۆرينه‌ى ده‌نگ ياساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌موار كرده‌وه.
ئه‌مڕۆش دادگاى فيدراڵى ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌يه‌ى به شه‌رعى و ياسايى له‌قه‌ڵه‌مدا.
دادگاى ئيتيحادى راشيگه‌ياند، تانه‌دان له ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌ستوورى نييه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگدانى تايبه‌ت و پێشمه‌رگه و هاووڵاتيانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ئاواره‌كانى ناوخۆ ناده‌ستوورييه.
هه‌روه‌ها بڕياريشدا، كه ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به ده‌ست پرسێكى ئاسايى و ده‌ستوورييه و ده‌بێت ته‌نيا ئه‌و ده‌نگانه بژمێردرێنه‌وه كه گومانيان له‌سه‌ره و ئه‌و ناوچانه‌ى كه ساخته‌كارى تێدا تۆمار نه‌كراوه پێويست به ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ناكات.
ئ.ر