هۆشداری لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە دەدرێت
K24 - سلێمانی
به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماری توشبووان بە نه‌خۆشیی شێرپەنجە به حاڵه‌تێكی مەترسیدار داده‌نرێ، پزیشکانی پسپۆڕ‌و کارمەندانی نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی، هۆشداری ده‌ده‌ن و ھاووڵاتییان و لایه‌نه پەیوەندیدارەکان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌رهاوێشه‌ی گازه‌كانی ئۆتۆمبێل و موەلیده و كارگه‌كان، هۆكاری سه‌ره‌كین له پیسبوونی ژینگه و تووشبوون به شێرپه‌نجه. ھاتووچۆش ئاگاداری هه‌موو ئه‌و شۆفێرانه ده‌كاته‌وه، كه ئۆتۆمبێله‌كانیان مه‌رجی توندوتۆڵی نییه و هۆكاری پیسبوونی ژینگه‌ن.
تا دێ ژماره‌ی تووشبووانی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه له زیادبوونه و ئاماره‌كانیش ئاماژه به ئاستی مه‌ترسیداری ده‌كه‌ن. پزیشکانی نەخۆشخانەی ھیوا له سلێمانی، یەکێک لە ھۆکارەکانی تووش بوون بە شێرپەنجە بۆ ئه‌و گاز و ده‌رهاوێشته زیانبه‌خشانه‌ی رۆژانه له ئۆتۆمبێله‌كان و موەلیده و كارگه‌كانه‌وه ده‌رده‌چن، دەگەڕێننەوە. بۆیه بەردەوامن لە ھەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و ئاگادارکردنەوە له مه‌ترسییه‌كانی پیسبوونی ژینگە.
د. محه‌مه‌د عه‌بدلوه‌ھاب لە نەخۆشخانەی ھیوا بە كوردستان24ی گوت: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەھێندرێنە ھەرێمی كوردستان، نازانرێ تا چەند رەچاوی رێژەی ئەو گازە ژەھراوییانە دەكرێت، كە لێیان دەردەچێت. واته نازانرێت ئەوە كۆنترۆڵ كراوە، یان نا، له‌كاتێكدا چۆن ساڵانە مەرجی توندوتۆڵكردنەوەی ئۆتۆمبێل ھەیە، دەكرێ بە ھەمان شێوە پشكنینی ئۆتۆمبێل بكرێ و له بوونی رێژەی ئەو گازە ژەھراوییانەی تیایدایه، ئاگادار بین، چونكه وەك پزیشێكێك، ئەو شتە لە كوردستان بەدی ناكەم، كە پێویستە ھەبێت".
زۆرێک لەو کەرەستە و کەلوپەلانەی لە خاڵە سنوورییەکانەوە هاورده‌ی ھەرێمی کوردستان ده‌كرێن، بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێدەپەڕن، ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەشێکە لەو پێداویستییانە، بەڵام ھەندێک جار سەرباری تێپەڕاندنی بەو قۆناخانەدا، دواتر چەند پارچەیەک لەو ئۆتۆمبێلانە لادەبرێن، ئەوەش دەبێتە ھۆی ده‌رهاوێشته‌ی گازی مه‌ترسیدار و دوکەڵی ژەھراوی. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سلێمانیش ھۆشداری دەدات، هه‌ر ئۆتۆمبێلێك مه‌رجی توندوتۆڵی نه‌بێ، خاوەنەكەی دووچاری سزای یاسایی ده‌بێتەوه.
کاروان سدیق، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەركی وەزارەتی بازرگانی و خاڵە سنوورییەكانە دڵنیابن لە مەرجی توندوتۆڵی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەھێندرێنە ھەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكان كە دەبێتە ھۆی پیسبوون و ژەھراوی بوونی ژینگە، ئەو ئۆتۆمبێلانەش كە دوای كاركردنیان لە كوردستان بزوێنەریان تووشی دوكەڵ و گازی ژەھراوی دەبن، ئەوە بەپێی یاسا كاری ئێمەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین".
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە ھەڵکشان دایە، لە پارێزگای سلێمانیش بەراورد بە ئاماری ساڵانی رابردوو، ژماره‌ی تووشبووان زیادی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2017 له هه‌ر 100 ھەزار کەس 93 حاڵەتی تووشبوون ھەبووە، بەڵام له ساڵی 2018 له ھەر 100 ھەزارکەس 114 حاڵەتی توشبوو بە نه‌خۆشیی شێرپەنجە تۆمار کراوە.
ھ.م