گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ھەولێر و تاران دەست پێدەكاتەوە

چەند وڵاتێكی دیكە گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ كوردستان دەست پێدەكەنەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ھەولێر و تاران، بە فەرمی دەست پێبكاتەوە.

بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گەشتە ئاسمانییەكان لە ھەردوو فرۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی بە بریارێكی حكوومەتی عێراق وەستابوون، دوای ھەڵگرتنی ئەو سزایە، ئێران بەنیازە لە ھەفتەی داھاتووەوە گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ھەولێر دەست پێبكاتەوە.

هاوكات ژمارەیەكی زۆری لە وڵاتانی دیكە ئامادەكارییان كردووە، بۆ ئەوەی دووبارە لە رێگەی فرۆكەخانەی ھەولێرەوە دەست بە گەشتە ئاسمانییەكانیان بكەنەوە.

دوای ئەوەی حكوومەتی عێراقی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەكانی كوردستانی ھەڵگرت، ھەر یەك لە ئیمارات و ئوردن وەك دوو وڵاتی عەرەبی دەستیان بە گەشتەكانیان كردەوە بۆ  ھەرێمی كوردستان.

حكوومەتی عێراق بە بڕیارێكی سیاسی لە 29/9/2017، بڕیاری وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانیدا، ئەمەش دژی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی جیابوونەوە لە عێراق، كە لە 25 ئەیلوولی 2017 ئەنجامدرا.

دوای زیاتر لە پێنج مانگ گەمارۆی ئاسمانی ھەرێمی كوردستان، لە 13 ئازاری 2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانیدا و رۆژی 14/3/2018، شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەولێریان كرد و لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ھەردوو وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و عێراق فڕۆكەخانەی ھەولێركرایەوە.

ھ.م