ئه‌مه‌ریكا داوای "وێنه‌یه‌كی جوانتری" خه‌لیفه‌ی نوێی داعش ده‌كات

"وێنه‌كه‌ت هیچ جوان نییه‌ و دانه‌یه‌كی دیكه‌مان بۆ بنێرن"

K24 - هه‌ولێر:

پرۆگرامی "پاداشت له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری" كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه‌، وێنه‌یه‌كی "حا‌جی عه‌بدوڵڵا"، خه‌لیفه‌ی نوێی داعشی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: "ئه‌م وێنه‌یه‌ت هیچ جوان نییه‌ و وێنه‌یه‌كی دیكه‌مان بۆ بنێرن".

پرۆگرامه‌كه‌، له‌ ئه‌كاونتی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "ئه‌ی حاجی عه‌بدوڵڵا، ئه‌و وێنه‌یه‌ت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جوان نییه‌! داوا له‌ هاوڕێ تیرۆریسته‌كانت ده‌كه‌ین وێنه‌یه‌كی  جوانترمان بۆ بنێرن".

دوای كوژرانی خه‌لیفه‌ی داعش، ئیبراهیم عه‌واد ئیبراهیم ئه‌لبه‌دری سامه‌رائی، ناسراو به‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكییه‌كان، "ئه‌بو ئیبراهیم قوره‌شی"، كه‌ به‌ "حاجی عه‌بدوڵڵا" ناسراوه‌، وه‌ك خه‌لیفه‌ی نوێی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستنیشان كرا، ئه‌مه‌ریكاش له‌ پاداشتی پێدانی زانیاری دروست بۆ ده‌ستگیركردنی خه‌لیفه‌ی نوێ، بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وه‌ك پاداشت دانابوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و بڕه‌ی بۆ 10 ملیۆن دۆلار زیاد كردووه‌، بۆ گه‌یاندنی زانیاری له‌ رێگه‌ی واتسئه‌پیشه‌وه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ی داناوه‌ 0012022941037، به‌ڵام پرۆگرامی "پاداشت له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری" وێنه‌كه‌ی خه‌لیفه‌ی به‌ دڵ نییه‌ و داوای وێنه‌ی "جوانتر له‌ هاوڕێ تیرۆریسته‌كانی حاجی عه‌بدوڵڵا" ده‌كات.