عه‌بادی له پیلانگێڕییه‌كانی له دژی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رده‌وامه
K24- هه‌ولێر:
جارێكی دیكه فراكسیۆنه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، له رێگه‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه ده‌یه‌وێت كێشه بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست بكات، له به‌رامبه‌ریشدا، نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دژی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ستاونه‌ته‌وه و به بێ ئه‌نجام وه‌سفی ده‌كه‌ن.
محه‌مه‌د شاكر، په‌رله‌مانتاری عێراق له فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌وڵ و تۆمه‌ته‌كانی كوتله‌كه‌ی عه‌بادی هیچ پاساوێكی یاساییان نییه، به‌ڵكوو هه‌وڵێكه بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته سیاسییه‌كانی خۆی.
له‌كاتێكدا هه‌موو ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن، كه حه‌یده‌ر عه‌بادی له پێناو خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، په‌نای بردووه‌ته به‌ر ئاڵۆزكردنی دۆسییه سیاسییه‌كان و به‌كارهێنانیان له دژی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق. موسه‌نا ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری فراسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له په‌رله‌مانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، عه‌بادی ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌م جۆره فشارانه‌وه، رای شه‌قامی عێراقی بۆ خۆی راكێشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به كاری بهێنێت.
ململانێ و ناكۆكییه سیاسیه‌كان له به‌غدا به جۆرێكن، كه به گوته‌ی نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له رێگه‌ی دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ده‌یانه‌وێت كێشه ناوخۆییه‌كانی خۆیان له شه‌قامی عێراقی بشارنه‌وه و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌وڵی مانه‌وه و چوونه ده‌سه‌ڵات بده‌ن. بۆیه نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا داوا ده‌كه‌ن، له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا، ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوه‌تی جێگیر و پارێزراو بن.
H.B