ئەردۆغان بۆ جاری چوارەم تاتڵیساس بێ ئومێد دەكات
K24 - ھەولێر
ھونەرمەند ئیبراھیم تاتڵیساس، چوار ساڵە لەسەر لیستی ئاكەپە ھەوڵدەدات ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام ھەرچەند دەكات نابێتە پەرلەمانتار، تاتڵیساس، لە ھەوڵی چوارەمیشی بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی توركیا شكستیھێنا. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) رەتیكردەوە كە ئیبراھیم تاتڵیساس كاندید بكات.
رەتكردنەوەی تاتڵیساس لەلایەن ئاكەپە، كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتووەتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گاڵتەجاڕیی پێكراوە و ئەو گۆرانییەشیان بیرخستەوە، كە بۆ ئەردۆغان و دژی عەفرین گوتبوو.
تاتڵیساس یەكێكە لەو ھونەرمەندانەی توركیا كە لە زۆر لە رەجەب تەیب ئەردۆغان نزیكە و لە دوای داگیركردنی شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، ئیبراھیم تاتڵیساس یەكێك لەو كەسانە بوو كە لەگەڵ ئەردۆغان بۆ وپیرۆزبایی سەركەوتن سەردانی عەفرینیان كرد و لەوێ گۆرانی بۆ ئەردۆغان گوت.
ھ.م