حكومەتی عێراق بڕیاری دەستگیركردن بۆ 322 ھاووڵاتی كەركووك دەردەكات

"فەرمانەكە گەیشتووە و بە دوای كەسەكان دەگەڕیێن"

K24 - ھەولێر

حکومەتی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەك ھاووڵاتی شارۆچکەی دووبز سەر بە کەرکووك دەردەکات، بەرپرسێکی ئیداری شارۆکەکەش دەڵێت، فەرمانەکە لای پۆلیسە بۆ جێبەجێکردن.

عەبدوڵڵا نوری، قایمقامی شارۆچکەی دووبز بە کوردستان24 گوت: "زانیاری تەواو، لەبارەی ژمارەی ناوەكان نییە، بەڵام فەرمانی دەستگیرکرن بۆ ژمارەیەك کەس دەرچووەو فەرمانەکەش لای پۆلیسی شارەکەیە".

بەرپرسێکی پارتی، زانیاری لەسەر ناو و ژمارەی کەسەکان لەلایە و دەڵێت: زۆربەی ئەو کەسانەی ناویان ھەیە لایەنگری پارتین.

عەدنان کەرکووکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند: "لەلایەن دادگای کەرکووکەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 322 کەس دەرکراوە کە سەرجەمیان خەڵکی شارۆچکەی دووبزن".

گوتیشی: "زۆربەی ئەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، بەو پێیەی پارتی لەو ناوچەیە لایەنگری زۆربووە".

بەگوتەی کەرکووکی،  لەنێو ناوەکاندا ھەندێك ناوی عەرەب و تورکمانیش ھەیە کە نزیك بوونە لە کوردەکانەوە و لەکاتی شەڕی داعش ھاوکاری پێشمەرگەیان کردووە لە ناوچەکە.

لەبارەی چارەنووسی ئەو کەسانەش زانیاری دراوە بەدەزگا ئەمنیەکان و لە ئێستایشدا دەچنە سەر ماڵی کەسەکان، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەشێك لەو کەسانە دەرچوونە لەو شارۆچکەیە و ئێستا لەشارەکانی ھەرێمی کوردستاندان.

شارۆچکەی بە دووری دووبز 45كم، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کەرکووکەوەو ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و کاری کشتوکاڵی، ژمارەی دانیشتوانی بەپێی ئامارەکان 125 ھەزار کەسە، ھەر یەکە لەپێکھاتەی کورد و عەرەب و تورکمان لەو شارۆچکەیەدا نیشتەجێن.