یونسێف: هەژاری و نەبوونی هەڕەشە لە 4.5 ملیۆن عێراقی دەكات

زۆربەیان منداڵن

K24- هەولێر:

رێكخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، منداڵانی عێراقی زۆرینەی ئەو 4.5 ملیۆن كەسە پێك دەهێنن، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی هەژاری و نەبوونی لەو وڵاتە.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی كە بە هاوكاری رێكخراوی یونسێف و بانكی نێودەوڵەتی و بە دەستپێشخەری ئۆكسفۆرد بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ئەنجام دراوە، رێژەی لە 11.7%ی كۆی دانیشتوانی عێراق بەهۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری جیهان، رووبەڕووی مەترسی چوونە ژێر هێڵی هەژاری بوونەتەوە، كە دەكاتە نزیكەی 4.5 ملیۆن كەس و زۆربەیان منداڵن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، وەك لە هەڵسەنگاندنەكەدا ئاماژەی پێ دراوە، بەو بەرزبوونەوەیە رێژەی هەژاری كە لە ساڵی 2018 بە 20% لە عێراق خەمڵێندرابوو، بۆ 31.7% بەرز بووەتەوە و كۆی ژمارەی هەژاریش لە عێراق بۆ 11.4 ملیۆن كەس بەرز بووەتەوە.

رێكخراوی یونسێف دەڵێت: منداڵان رێژەی هەرە زۆری ئەوانە پێك دەهێنن، كە هەڕەشەی هەژاری و نەبوونی لەسەر ژیانیان هەیە.

راشیگەیاندووە، بەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەر 5 منداڵی عێراقی یەكێكیان هەژارە، بەڵام لەگەڵ تەشەنەكردنی ئەو پەتایە ئەو رێژەیە بۆ 2 لەسەر 5 بەرز بووەوە و لە 37.9%ی تێكڕای منداڵانی عێراق پێكدەهێنن.

H.B