لایەنەكان دژی بڕیارێك لە كەركووك خۆپیشاندان دەكەن

خۆپیشاندانەكە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە بەڕێوە دەچیت

K24 - كەركووك

دژی نادادپەروەری لە دامەزراندنی مامۆستا و فەرمانبەران لە كەركووك، بڕیارە سبەی یەكشەممە، لایەنە كوردستانییەكان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كەركووك خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند "ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی بەرپرسی پەیوەندییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا، سبەی لە بەردەم پەروەردە دژی نادادپەروەری لە دامەزراندن لەلایەن پەروەردەی کەرکووکەوە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن".

ئەمەش دوای ئەوە دێت كه‌ بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و بە هاوبەشی لەگەڵ بەرێوەبەری پەروەردەی شارەکە، لە کۆی 2 هەزار و 885 پلەی وەزیفیی پەروەردەی کەرکووک، هەزار و 850 پلەی وەزیفی بە پێکهاتەی عەرەب دراوە، لە بەرامبەردا 500 پلەی وەزیفی بە کورد و 412 پلەی وەزیفیش بە پێکهاتەی تورکمان دراوە و پێکهاتەی کورد و تورکمانیش ئەمە رەت دەکەنەوە.

پەیوەست بەم بڕیارە، ھەفتەی رابردوو رێبوار تەها، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "پاش کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی نەزاهەی عێراق بەوەکالەت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی نەزاهەی عێراقەوە، دەستەی نەزاهەی کەرکووك راسپێردران تا دۆسیه‌ی لێکۆڵینەوە بۆ دامەزراندنەکەی پەروەردەی کەرکوو‌ك بکەنەوە و رێکارە یاساییەکان دەست پێ بکەن".

ھ.م