كورد لە كابینەی نوێی حكوومەتی ئێران بێبەشكرا

دەنگ بە كابینەی نوێی روحانی دەدرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران دەنگ لەسەر متمانەدان بە كابینەكەی حەسەن روحانی دەدات و تا ئێستاش ھیچ كوردێك بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری پێشنیار نەكراوە.

دوای چوار رۆژ لە خوێندنەوەی كارنامەی وەزیرە پێشنیاركراوەكان لە پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ كابینەی نوێی حكوومەتەكی روحانی دەخرێتە دەنگدانەوە.

بەھروز نیعمەتی، وتەبێژی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پەرلەمان متمانە بە كابینەی وەزیرانی حكوومەتی دوازدەمی ئێران دەبەخشێت و ئەگەری ھەیە دوو وەزیری پێشنیاركراوی روحانی دەنگی متمانەی پەرلەمان وەرنەگرن.

ئەندامانی كوردی پەرلەمانی ئێرانیش نیگەرانن لە بەشداری پێنەكردنی نەتەوەكان لە پێكھاتەی كابینە نوێی حكوومەتی ئێران و بەپێی زانیارییەكانیش تا ئێستا ھیچ كوردێك بۆ پۆستی وەزاری پێشنیارنەكراوە.