تره‌مپ په‌شیمان نه‌كرایه‌ته‌وه بنكه‌كانی رووسیاشی هه‌ڵده‌ته‌كاند
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مریكی له راپۆرتیكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، بۆ وه‌شاندنی گورز له رژێمی سووریا 3 بژارده خراونه‌ته به‌رده‌ستی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و یه‌كێك له سیناریۆكان به ئامانجگرتنی به‌رگری ئاسمانی رووسیا بووه له سووریا.
رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه له سه‌رچاوه‌كانی خۆیه‌وه كه ناوی نه‌هێناون زانیوویه‌تی، جیمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا بژارده‌یه‌كی ئاسایی خستووه‌ته به‌رده‌ستی تره‌مپ، بۆ ئه‌وه‌ی پینتاگۆن ئه‌و بنكه و پێگه سه‌ربازیانه بۆردوومان بكات كه په‌یوه‌ندارن به چه‌كی كیمیایی، سیناریۆی دووه‌م هه‌ندێك فراوانتر بووه‌و ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تیكردن و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌وه‌ی سه‌ربازیشی له خۆگرتووه".
به‌ڵام سیناریۆی سێیه‌م، وه‌شاندنی گورز بووه له سیستمی به‌رگری ئاسمانی رووسیا و ئامانجی ئه‌وه‌بووه كه توانای به‌رگریكردنی سووریا به‌ته‌واوه‌تی تێكبشكینێت، به‌ڵام دامه‌زراوه حكومییه‌كان نه‌كرێنه ئامانج و بپارێزرێن".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دواجار دۆناڵد تره‌مپ وه‌ڵامی بۆ ئامۆژگاری و پێشنیازه‌كانی ماتیس هه‌بووه كه داوای دان به‌خۆداگرتنی كردووه، هه‌ر بۆیه سه‌رۆكی ئه‌مریكا واژۆی له‌سه‌ر بژارده‌ی دووه‌م كردووه، هه‌ر چه‌نده له سه‌ره‌تادا ده‌یویست گورزێكی زۆر كاریگه‌ر و به‌هێزتر له سووریا بدرێت.
ئه‌مریكا و بریتانیا و فه‌ره‌نسا به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه 14/4/2018، وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه له رژێمی ئه‌سه‌د به‌هۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له شارۆچكه‌ی دووما له ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات له ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق، زیاتر له 100 مووشه‌كیان ئاراسته‌ی بنكه و دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی رژێمی سووریا كرد.
هه‌ر چه‌نده رووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌و ھێرشه زۆر تووڕه و نیگه‌ران بوون، به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند: "هیچ مووشه‌كێكی هاوپه‌یمانییه سێقۆڵییه‌كه نه‌هاتووه‌ته سنووری بنكه‌كانی به‌رگری ئاسمانی رووسیا له ته‌ڕتووس و حمیمیم".