کەسێک بەناوی کارمەندانی شارەوانی پارەی لە خەڵک سەندووە
K24 – سلێمانی:
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە بەناوی كارمەندی شارەوانی سلێمانییەوە پارەی لەهاووڵاتیان سەندبوو و یەکێکی دیکەش ئۆتۆمبێلێکی بە زەبری چەقۆ رفاندبوو.
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە دوای ئەوەی دەست لەئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی ڕادەگرێت بەچەقۆ هێرشدەكاتە سەر شۆفێرەكە و ئۆتۆمبێلەكە دەڕفێنێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای ئەوەی زانیاری دەگاتە پۆلیس، لەماوەی كەمتر لە دوو کاتژمێردا توانرا ئۆتۆمبێلەكە لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی بدۆزرێتەوە و تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت.
هەروەها بەیانی ئەمڕۆ، پۆلیس تۆمەتبارێكی عەرەبیان دەستگیركرد كە بەناوی كارمەندی شارەوانی سلێمانییەوە لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی پارەی لەچەند هاوڵاتییەك وەرگرتبو.
تۆمەتبار (أ ، خ ، أ ) لەدایكبوی 1996 دانیشتوی كامپی ئاوارەكانە لەشاری سلێمانی و پێشتر كارمەندی یەكێك لەكۆمپانیا پاككەرەوەكان بووە و بەناوی شارەوانییەوە لەچەند گەڕەكێك پارەی لەهاوڵاتیان وەرگرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لەھاوڵاتیان دەکات کە بەھیچ جۆرێک پارە بەو کەسانە نەدەن کە بەناوی کارمەندی کۆمپانیاکانی پاککردنەوەوە بەسەر ماڵاندا دەگەڕێن و داوای پارەی جەژنانە دەکەن.