مه‌سرور بارزانی ده‌ستكه‌وته‌كانی 100 رۆژ كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ هاووڵاتیان ده‌خاته‌ڕوو
K24 - هه‌ولێر:
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 100 رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم، گوتارێكى پێشکەش كرد و تێیدا ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و 100 رۆژه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م خسته‌ڕوو.
مه‌سرور بارزانی له وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند، كه هه‌وڵیانداوه په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ره‌و پێش ببه‌ن و رێككه‌وتنێكی هه‌مه‌لایه‌نه و گشتیر بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر چوار خاڵی سه‌ره‌كییه، كه دۆزینه‌وه‌ی فۆرمه‌له‌ی داداپه‌روه‌رانه بۆ پشكی بودجه هه‌رێمی كوردستان، به پێی ده‌ستوور ده‌سه‌ڵات و مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به نه‌وت و گاز پارێزراوبێت، كێشه‌ی ناوچه دابڕێندراوه‌كان به پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌شێك بێت له سیسته‌می به‌رگری عێراق و مافه ده‌ستوورییه‌كانی پارێزراو بێت.
له‌و وتاره‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، حکومەتی فیدراڵی نیگەرانییەکانی ئێمەی وەرگرتووە و ئێستا بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکان دەکەین و بۆ نموونە بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی ساڵانەی عێراق دەکات و هەنگاوی باشمان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیوە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بودجەی 2020 دا.
روونیشی كرده‌وه، ئێمە ئێستا بەشێکمان لە بودجە پێدەگات، نەوتی کەرکووکیش بە هاوبەشی هەناردە دەکەین، سیاسەتە گومرگییەکانیشمان هاوتا کردووە. بێگومان چارەسەرکردنی پرسی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، زۆر یارمەتیمان دەدات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتر کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بێت.
دڵنیاییش ده‌داته هاووڵاتیان کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ تاکو بگەین بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و مووچە و شایستە داراییەکانیان بە شێوەی مانگانە، بە تەواوەتی بگات و جارێکی دیکە مووچەی هاووڵاتیان پاشەکەوت نەکرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا، ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه ئێستا شه‌فافیه‌ت زیاتر بووه و داهاته‌كان به شێوه‌یه‌كی روون خراونه‌ته‌ڕوو. دووپاتیش له‌وه ده‌كاته‌وه، داهاته‌كانی حكومه‌ت ئێستا له وه‌زاره‌تی دارایی كۆده‌كرێنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له هه‌وڵه‌كانیان بۆ زیادكردنی داهاتی ناوخۆ به‌رده‌وامه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داهاته‌كان زیاد بووه و تا كۆتایی ساڵ به رێژه‌ی 50% زیادبووه.
له باره‌ی سیسته‌می باجیش، باسی له‌وه كرد، ئێستا سه‌رقاڵی رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت و ئه‌و رێكارانه‌ی كه هه‌ندێك كه‌س و كۆمپانیای له دانی باج به‌خشیوه، راگیراون.
سه‌باره‌ت به خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تیش رایگه‌یاند، كه له رێگه‌ی كۆنتڕۆڵیكی ناوه‌ندییه‌وه چاودێری خه‌رجییه‌كان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه دڵنیاببنه‌وه كه به شێوه‌یه‌كی درووست خه‌رج ده‌كرێن.
له وتاره‌كه‌یدا باسی له شه‌فافه‌تی داهاته‌كان كرد و رایگه‌یاند، ئێستا هاووڵاتیان ده‌توانن بزانن داهاتی نه‌وت و داهاته ناوخۆییه‌كان چه‌نده و له چی خه‌رج ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی شه‌فافمان بۆ خستنه‌ڕووی داهاتی سامانه سرووشتییه‌كان خستووه‌ته‌ڕوو.
تایبه‌ت به پرسی گه‌نده‌ڵی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرفته رایگه‌یاند، چاوپۆشی له گه‌نده‌ڵی هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكه‌م و خۆم رژدم له‌سه‌ر ئه‌و كاره، ئێستا كه‌شێكی له بار‌مان هێناوه‌ته ئارا كه چیدیكه گه‌نده‌ڵی تێیدا گه‌شه ناكات.
سه‌رۆكی حكومه‌ت له گوتاره‌كه‌یدا، تایبه‌ت به پرسی به‌رتیل كه یه‌كێكه له پرسه هه‌ستیاره‌كان و په‌یوه‌ندیدار به گه‌نده‌ڵی، دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كراوه و به‌هۆی به‌رتیلدان و به‌رتیل وه‌رگرتن له دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، چه‌ندین كه‌یس دراونه‌ته دادگا، هاوكات سه‌دان فه‌رمانبه‌ریش وه‌همیش له لیسته‌كاندا پاككراونه‌ته‌وه.
مه‌سرور بارزانی، له گوتاره‌كه‌یدا جه‌حتی له چاكسازی كرده‌و و رایگه‌یاند، له یه‌كه‌م بڕگه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م حكومه‌ت كه پێشكه‌شی په‌رله‌مان كراوه، په‌یوه‌یست بوو به چاكسازی، ئاشكراشیكرد، ئێستا لێژنه‌یه‌كی باڵامان پێكهێناوه بۆ ئاماده‌كردنی یاسای چاكسازی، ئێستاش پرۆژه یاساكه ئاماده‌یه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت.
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رووتینیش، سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، داوایان له وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت كردووه بۆ ئاسانكاری هاووڵاتیان بیرۆكراسی كه‌مبكرێته‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه ئێستا به ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌ستیپێكردووه و 50%ی ته‌واوبووه، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان ده‌ستیان به خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان بگات، له ئێستاشدا چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی سنووریان له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه به یه‌كه‌وه به ستووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی باشتركردنی جووڵه‌ی بازرگانی و كۆكردنه‌وه‌ی گومرگ.
روونیشیكرده‌وه، هه‌وڵدراوه خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له سه‌نته‌ری پارێزگاكان كۆنه‌كرێته‌وه و به‌شێك له‌و خزمه‌تگوزارییانه بگه‌یه‌نرێنه قه‌زاكانیش، بۆ نموونه ده‌رهێنانی پاسپۆرت، ئه‌وه‌ش كات و سامانی هاووڵاتیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
له پرسی چاكسازی له ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی له‌وه كرده‌وه، وڵاتانی هاوپه‌یمانی به‌رده‌وامن له راهێنان به هێزی پێشمه‌رگه و له ماوه‌ی 100 رۆژی رابردووش‌دا، ده‌ستكراوه به چاكسازی له ریزه‌كانی پێشمه‌رگه.
مه‌سرور بارزانی له گوتاره‌كه‌یدا دووپاتی له‌وه كرده‌وه، چاكسازی له ریزه‌كانی پێشمه‌رگه ئامانجێكی گرنگی كابینه‌ی نۆیه‌مه و گوتی: "شایه‌تی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌م كه چۆن له سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه به‌رگریان له كوردستان كردووه".
تایبه‌ت به پرسی وه‌به‌رهێنان كه پرسێكی گرنگه بۆ پێشخستنی وڵات، سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، خه‌ریكی ئه‌وه‌ن یاسایه‌كی نوێ ده‌ربكه‌ن، كه زه‌مینه بۆ وه‌به‌رهێنان خۆشتر و له‌بارتر ده‌كات، به گوێره‌ی یاساكه‌ش وه‌به‌رهێنان به پێی پێداویستی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
نموونه‌شی به كه‌رتی كشتوكاڵ هێنایه‌وه، كه پێشتر ته‌نها به رێژه‌ی 2% وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته‌دا كراوه، ئێستاش خه‌ڵكێكی زۆر ده‌یانه‌وێت وه‌ربه‌هێنان له هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن، ئێمه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین له چوارچێوه‌ی یاسادا ئاسانكارییان بۆ بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سیسته‌می تاك په‌نجه‌ره‌یی په‌یڕه‌وده‌كه‌ین.
له باسی ژێرخانی ئابووریشدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، گرنگیان به پرۆژه ستراتیژییه‌كان داوه، له‌وانه 11 به‌نداو، 3 سایلۆ له هه‌ولێر، دهۆك و گه‌رمیان، كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاسایشی ئاو و خۆراك ده‌بێت.
هه‌روه‌ها 33 ملیار دیناریشیان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگه‌وبانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كردووه.
سه‌رۆكی حكومه‌ت له گوتاره‌كه‌یدا جه‌ختی له هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات كرده‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌رتی كشتوكاڵیشی وه‌ك نموونه هێنایه‌وه و رایگه‌یاند، ده‌كرێ گرنگیس زیاتر به‌و كرته بدرێت و وابكه‌ین هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌به‌ته‌ی خۆراكی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌ش.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری كه‌رتی كشتوكاڵ و جووتیارانیش بووه، به‌تایبه‌تیش له درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان به حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ر جووتیاران درووست نه‌بێت.
له گوتاره‌كه‌یدا باسی له‌وه‌شكرد، كه وه‌ك حكومه‌ت پلانیان بۆ زیادكردنی به‌رهه‌می دانه‌وێڵه هه‌یه و گوتی: "هه‌میشه جه‌ختم له هاندانی وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی كشتوكاڵدا كردووه‌ته‌وه".
له باره‌ی كه‌رتی كاره‌با كه یه‌كێكه له خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان، سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، هاووڵاتیان له‌و كرته نیگه‌رانن، ئێستا بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌متر پشت به گازوایلی ده‌ره‌كی ده‌به‌ستن و زیاتر گازی سرووشتی ناوخۆ به‌كارده‌هێنرێت، به‌و هۆیه‌ش نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار ساڵانه له تێچووی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبووه‌ته‌وه.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، كه‌رتی كاره‌با پێویسته به پێداچوونه‌وه هه‌یه و ئێمه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین كه‌مترین ته‌زووی كاره‌با به‌فیڕۆبچێت.
سه‌باره‌ت به كه‌رتی په‌روه‌رده‌ش، له گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌كرد، كه له نزیكه‌وه ئاگاداره و قوتابخانه‌كان له ره‌وشێكی باش‌دا نین، سه‌ردانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كم كردووه و ده‌زانم و گرفتی زۆریان هه‌یه. ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابی له یه‌ك پۆلدا ده‌خوێنن و قوتابخانه هه‌یه رۆژانه سێ شیفت ده‌وامی تێدا ده‌كرێت.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ش سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، كه بودجه‌ی تایبه‌تیان بۆ درووستكردنی قوتابخانه ته‌رخان كردووه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، خزمه‌تگوزارییه په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌كه‌نه ئه‌لیكترۆنی و مامۆستا و قوتابیان به رێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی به یه‌كه‌وه ده‌به‌سته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی روونتریان به یه‌كه‌وه هه‌بێت.
سه‌رۆك وه‌زیران جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، داهاتووی منداڵه‌كانمان به خوێندن و په‌روه‌رده به‌نده و گرنگییه‌كی تایبه‌ت به‌و كه‌رته ده‌ده‌ن، هاوكات چاوه‌ڕوانیان له خاوه‌نكار و كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان هه‌یه هاوكاری زیاتری كه‌رتی په‌روه‌رده بكه‌ن، له هه‌ڵمه‌تی درووستكردنی قوتابخانه له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی له ئامانجه‌كانی حكومه‌ت كرده‌وه، له گرنگیدان به كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئاشكرای كرد، بڕیاری خه‌رجكردنی هاوكارییه‌ك دراوه بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان شه‌ڕی دژی داعش و له پشتیوانیكردنی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانیش ئاسایش به‌رده‌وام ده‌بین.
سه‌رۆكی حكومه‌ت باس جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، هەرچەندە لە سەد ڕۆژی کارکردنماندا دەسکەوتی باش بەدەست هاتوون, بەڵام هێشتا کاری زۆرمان لە پێشە. تا ئێستا دامودەزگاکانی حکومەت لە ئاستی ویستی ئێمەدا چالاک و بەرهەمدار نین، دەکرێ زۆر کاراتر و بەرهەمدارتر، توانا مرۆڤی و ماددیەکانمان بەکار بهێنین.
له گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌ت راشیگه‌یاند، خۆشبەختانە کەشێکی لە بار‌مان ڕەخساندووە کە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و دەستە سەربەخۆکان هەیە. ئەمەش کاریگەری ئەرێنی هەبووە لە سەر بەرەوپێشچوونی پرۆسە یاسایی و کارگێڕییەکان، لە ناو هەرێمی کوردستاندا.
دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، حکومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتیانە، بە تەنیا هی تاکە کەسێک و یان چەند حیزبێک نییە، بۆیە چاوەڕوانین هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بەهێزکردنی ئەم حکومەتە پاڵپشتمان بن. لە کارە باشەکان هاندەرمان بن و هەڵەکانمان بۆ دەستنیشان بکەن.
ده‌قی گوتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، له باره‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی 100 رۆژی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان
خۆشحاڵم ئەمڕۆ دوای تێپەربوونی سەد ڕۆژی کارکردن بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم گوتارەتان پێشکەش بکەم.
لە ڕۆژی سوێندخواردنی کابینەکەمان لە پەرلەمان، ئاماژەم بەوەکرد، کە ئەرکێکی سەختمان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام وتمان پشت بەخوا و متمانەی هاوڵاتیانمان، دەتوانین بەسەر سەختییەکاندا زاڵ ببین و ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەدا ڕایده‌گه‌ینم، بە بڕوای ئێمە قۆناغی باشمان بڕیوە و ڕەوتی کارەکانمان کەوتووەتە سەر ڕاستەڕێ و دەسکەوتی بەرچاو بەدی هاتوون.
من پێشتریش باسمکردووە، ئێمە حکومەتێکمان دەوێت، خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمە پابەندبوونی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و حکومەتێک کە خزمەتی خەڵک بکات، نەک بە پێچەوانەوە، ئەمەش بنەمای کارکردنمان بووە لە ڕۆژی دەستبەکاربوونمانەوە.
ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەشزانم هاووڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بەڵام بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی، پێویستی بە کاتی زیاتر و زەمینەی لە بارتر هەیە. پشتیوان بە خوا و هاووڵاتیان، ئومێدمان زۆرە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست چاوەڕوانی ئێوەدا بێت.
بێگومان تێپەربوونی سەد ڕۆژ، تەنیا دەسپێکێکە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە لە سەد ڕۆژی دەستپێکدا، کاری بەرچاومان کردووە و لە چەندین بواری گرنگدا پێشکەوتنی باش بەدی هاتوون. بۆ نموونە باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەروەها گەڕاندنەوەی شەفافییەت و دڵنیایی زیاتر لە بواری داهاتی گشتی و ناوخۆ و نەهێشتنی ڕێژەیەکی بەرچاوی ڕووتین، دەتوانین بڵێین بە گشتی حکومەت چالاک‌تر و ئەکتیڤتر بووە.
دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، ئێستا کوردستان بەهێزتر و سەقامگیرترە و حکومەتیش شەفافترە. ئێمە هیوادارین بە بەردەوامبوون لەم پلان و ڕێکارانەی کە گرتوومانەتەبەر، لە چەند ساڵی داهاتوودا دەسکەوتی زۆر گەورەتر بەدەست بهێنین.
هاووڵاتیانی بەڕێز:
بەر لەهەموو شتێک، هەر حکومەتێک بیەوێت خزمەتی خەڵک بکات، پێویستە حکومەتێکی ڕوون و شەفاف بێت.
لە بارەی داهاتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیەوە، بڕیاردرا بە کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە جۆرێک کە بزاندرێت داهاتی حکومەتی هەرێم چەندە، هەروەها بۆ خەرجییە پێویستییەکانیش بەرچاومان روون بێت. لە سەر ئەم بنەمایە، پلانمان داناوە بۆ زیاترکردنی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی بە پێی پێویستی. ئەم رێکارانەش هاوتەریب بوون لە گەڵ ڕەچاوکردنی پێداویستی دارایی وەزارەت و فەرمانگەکان.
تا ئێستا توانیومانە داهاتی ناوخۆمان زیاد بکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی 50٪ زیاد بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە و دانانی سیستەمێکی هاوسەنگی باج، کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی بێت و بتوانێت، داهات بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکات.
ئێستا سەرقاڵێ ڕێکخستنەوەی باجین لە هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، هەموو ئەو ڕێکارانەی ڕاگرتووە، کە ببوونە هۆی ئەوەی هەندێک کەس و کۆمپانیا بە شێوەیەکی نایاسایی لە باجدان ببەخشرێن.
ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت و لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆنترۆڵێکی ناوەندییەوە، چاودێرییەکی وردی خەرجییە گشتییەکان دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین داهاتی گشتی بە فیڕۆ نادرێت و خەرجیە گشتییەکانیش بە پێی پێداویستییە لە پێشینەکان بێت.
ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت، دەمانەوێت دڵنیابین ئەو خەرجیانە، بە شێوەیەکی دروست و لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا خەرج دەکرێن.
هەر پەیوەست بە داهاتە گشتییەکانی حکومەتەوە، پرۆسەیەکی شەفافمان گرتووەتەبەر، بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سرووشتییەکان. بە شێوەیەکی بەردەوام داتا و زانیارییەکانمان خستووەتەڕوو. ئێستا گشت هاووڵاتیان دەتوانن بزانن، داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانمان چەندە و لە چ بوارێک‌دا خەرج دەکرێت.
لە بابەتی پەیوەندیدار بە پرسی گەندەڵییەوە
کەشێکی لەبارمان هێناوەتە ئاراوە، کە چیتر گەندەڵیی تیایدا گەشە ناکات، خۆم زۆرلە سەر ئەم بابەتە رژدم و چاوپۆشی لە گەندەڵیی هیچ کەس و لایەنێک ناکەم.
ئێستا ڕێکاری یاسایی زۆر تووندمان گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەوانەی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان، لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەرتیل وەردەگرن، یان بەرتیل دەدەن. چەندین کارمەند و بەرپرسی حکومی لەسەر بەرتیل وەرگرتن و چەندەها خاوەنکاریش، بە هۆی بەرتیلدان، لەم ماوەیەدا کەیسەکانیان دراوەتە دادگاکان.
تا ئێستا بە سەدان فەرمانبەری وەهمیمان لە لیستەکان پاک کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت. دەمانەوێت دڵنیابین کەسانی شایستە مافەکانیان نافەوتێت و تەنیا ئەوانەی زێدەڕۆییان کردووە، ڕێکاری پێوستیان لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
لە ئاستی گشت وەزارەت و دامەزراوەکان، چەندین لیژنە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی پێکهاتوون، ڕێکاری تووند بەرامبەر هەر سەرپێچی و گەندەڵییەک دەگیرێتەبەر.
دوای سەد رۆژ کارکردن، ئێستا دەتوانم بڵێم گەندەڵیمان تاڕاددەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە. بە یاساش ڕووبەڕووی هەموو گەندەڵکاران دەبینەوە. لەم ماوەیەدا، زۆر هەوڵیش دراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ساردمان بکەنەوە، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە، بە هەموو توانایەکمان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.
لە بارەی چاکسازییەوە
یەکەم بڕگەی بەرنامەی کارمان کە لە پەرلەماندا پێشکەشم کرد، پەیوەست بوو بە چاکسازی. لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیە، لێژنەیەکی باڵامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت پێک هێنا و دوای چەند مانگ پێداچوونەوەیەکی باش و واقعیانە بە پڕۆژە یاسای چاکسازی، ئێستا ئەم پڕۆژە یاسایە، ئامادەیە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
بۆ باشتر و خێراتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، داوام لە هەموو وەزارەتەکان کردووە، بیرۆکراسی کەم بکرێتەوە و پلانی چوار ساڵەی خۆیان بۆ چاکسازیکردن ئامادە بکەن. دەستمان بە ئەلکترۆنیکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتی کردووە و پەرەشی پێدەدەین. خەریکین داتاسەنتەرێک، واتا ناوەندێکی زانیاری بۆ حکومەت دادەمەزرێنین، کە زیاد لە پەنجا لە سەدی کارەکانی تەواو بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت. ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی، خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی هاووڵاتیان و خاوەنکاران دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان بگات.
بۆ نموونە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، چەندین دەروازەی سنوورییمان بە یەکەوە بە ستوونەتەوە و ئێستاش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی دیکە و فڕۆکەخانەکان بەو سیستەمەوە.
ئەمەش ئاسانکارییەکی باشی کردووە لە بواری کۆکردنەوەی گومرگ و سەرەئەنجام بزاڤی بازرگانی گەشەی کردووە، هەروەها بووەتە هۆی باشتربوونی کوالیتی کۆنترۆل.
جیا لە بەئەلیکترۆنیکردن، هەوڵمان داوە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان کۆ نەکرێنەوە، بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی خەڵک بێت لە سەنتەری شارەکانی وەکو هەولێر و سلێمانی پاسپۆرت دەربهێنێت، یان نوێی بکاتەوە. ئێستا چەند بنکەیەکی پاسپۆرت لە چەند شارۆچکەیەک کراونەتەوە و هی تریش دەکرێنەوە. بەم شێوەیەش کات و سامانی هاووڵاتیان بە فیڕۆ ناچێت و قەرەباڵغی و جەنجاڵی لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کەم دەکرێتەوە.
هەروەها لە بابەتی دەوامکردنی فەرمانبەرانیش، گۆڕانکاری ڕوویداوە و ئێستا فەرمانبەرانی حکومەت باشتر لە جاران پابەندن بە کاتژمێرەکانی کارکردنیان و بەوجۆرەش ڕایی کردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتیان خێراتر و کاریگەرتر بووە.
ئێستا کاردانەوەی باشی هاووڵاتیانمان پێدەگاتەوە، کە نەمانی ڕووتین و خێرایی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە زۆر دامودەزگادا، جێگەی خۆشحاڵییان بووە، ئەمەش زیاتر هانمان دەدات ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ڕووی کات و کوالێتییەوە بەرزتر بکەیەنەوە، چونکە ڕەزامەندی و خۆشحاڵیی هاووڵاتیان ئامانجمان بووە. ئێستا لە پرۆسەی زۆر خزمەتگوزاری وەک، پاسپۆرت، ساڵنامە و مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و دادنووسی و کاروباری شارەوانییەکان، خێرایی زیاتر بەدی دەکرێت، بە خستنەگەڕی خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان، ئەم خزمەتگوزارییانە، خێراتر و ئاسانتریش دەبن.
دەربارەی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی
یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانمانە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەغدامان کرد، بۆ ئەوەی نیازپاکیمان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، لە چوارچێوەی دەستوردا بۆ بەغدا دووبارە بکەینەوە.
باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بەغدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقیشە.
ئێمە ئامانجمان ئەوەیە، ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی گشتگیر لە گەڵ حکومەتی عیراق بکەین، کە لە بەرژەوەندی هەمووماندا بێت. لێرەدا خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم پێشکەوتنێکی باش لە گفتوگۆکانمان بەدیهاتووە و لە سەر چوار تەوەر دانوستانەکان بەردەوامن:
یەکەم : دۆزینەوەی فۆرمۆڵەیەک کە دادپەروەرانە بێت بۆ بابەتی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.
دووەم: بە پێی دەستووری عێراق، دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی نەوت و گاز پارێزراو بن.
سێەم: کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بە پێی دەستوور چارەسەر بکرێن.
چوارەم: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق و مافە دەستوورییەکانی پارێزراو بێت.
حکومەتی فیدراڵی نیگەرانییەکانی ئێمەی وەرگرتووە و ئێستا بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکان دەکەین. بۆ نموونە بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی ساڵانەی عێراق دەکات و هەنگاوی باشمان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیوە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بودجەی 2020 دا.
ئێمە ئێستا بەشێکمان لە بودجە پێدەگات. نەوتی کەرکووکیش بە هاوبەشی هەناردە دەکەین. سیاسەتە گومرگییەکانیشمان هاوتا کردووە. بێگومان چارەسەرکردنی پرسی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، زۆر یارمەتیمان دەدات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتر کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بێت. لێرەدا هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ تاکو بگەین بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و مووچە و شایستە داراییەکانیان بە شێوەی مانگانە، بە تەواوەتی بگات و جارێکی دیکە مووچەی هاووڵاتیان پاشەکەوت نەکرێت.
لە بواری جۆراوجۆردا، پێشڤەجوونی باش لە پەیوەندییەکانمان لە گەل بەغدا بەدیهاتوون، بۆ نمونە، ئێستا وەزارەتی ناوخۆی عێراق کارئاسانی بۆ پێدانی ڤیزا بۆ هاتنی بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش وادەکات وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئاسانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئێمەش ئاسانکاریمان کردووە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە بەشەکانی دیکەی عێراق سەردانی هەرێم دەکەن و کارتی نشینگە و ئەو پارەیەی بەرامبەری وەردەگیرا لابردران، ئێستا تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە پێداچوونەوە بە ناوەکان دەکرێت و هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی ئەو هاووڵاتیانە دەکرێت تاکو لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن و لە دۆخی سەقامگیر و هێمندا کات بەسەر ببەن.
دەربارەی راهێنان و چاکسازی لە پێشمەرگە
ئامانجێکی هەرە لەپێشی حکومەتی هەرێم پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگاکانی ئاسایش بکەم بۆ ئەو دۆخە ئارام و سەقامگیرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە جێی سەرنج و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
من خۆم شاهیدی قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگەم، کە چۆن لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان بوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕێز لە قارەمانێیتی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە دەگرێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدە نەمرەکانمان بکرێت.
ولاتانی هاوپەیمان بەردەوامن لە ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆیان. لە ماوەی سەد ڕۆژی ڕابردوودا بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، دەستمان بە پرۆسەی چاکسازی کردووە لە نێو یەکەکانی هێزی پێشمەرگە. لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشمەرگە، لە سەر ئەم بابەتە کار دەکەین.
لەبارەی پەرەپێدانی وەبەرهێنان
خەریکین یاسایەکی نوێی وەبەرهێنان دادەڕێژین، کە پرۆسەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە، بەمەش زەمینە بۆ وەبەرهێنەران خۆشتر و ئاسانتر دەبێت. ستراتیج و پلانێکی تایبەتمان بۆ وەبەرهێنان داڕشتووە، کە لەمەودا پرۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە هەرە گرنگەکان، بەڵام پێشتر تەنیا 2% وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەو کەرتەدا ئەنجام دراوە. پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی یاسا و بە پێی ستاندارد و مەرجی دیاریکراو بن، هەر لایەنێک ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکات، مۆڵەتی کارکردنی لێ دەسەنرێتەوە.
خەڵکێکی زۆر ئارەزوویان هەیە بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئێمەش ئاسانکاری پێویست بۆ هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین، لە هەمانکاتیشدا، هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆش دەدەین بۆ وەبەرهێنانی زیاتر.
تا ئێستا چەندین کۆمپانیا و وەبەرهێنەری نوێ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە کۆی وەبەرهێنانیان نزیک لە نیو ملیار دۆلار دەبێت لە گشت کەرتەکاندا. دڵنیاشین چەندین وەبەرهێنەری دیکەش ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
لەبارەی پرۆسە کارگێڕیی و یاساییەکانی وەبەرهێنان، بە نیازین خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان پەرە پێ بدەین و سیستەمی یەک پەنجەرەیی ڕەچاو بکەین، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر ببێت.
لە بواری پێشخستنی ژێرخانی ئابووریدا، دوای ماوەیەک لە بەدواداچوون و پێداچوونەوە، لە مانگی 10ی ئەمساڵدا ڕەزامەندیمان لە سەر خەرجکردنی شەشسەد و حەڤدە ملیار دینار داوە بۆ ئەنجامدانی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لەوانەش بۆ پرد و ڕێگەوبانەکان و بەنداو و دابینکردنی ئاوی خاوێن و یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ هاوولاتیانی کەمدەرامەت و دروستکردنی فەرمانگەی حکومی. مەبلەغی ئاماژە پێکراو بە شێوەیەکی مانگانە و بە قستی جیا و بە پێی توانای دارایی هەرێم بۆ پڕۆژەکان خەرج دەکرێت.
لە میانەی ئەو پڕۆژانەش، پڕۆژەی یازدە بەنداو، هەروەها سێ سایلۆ لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی شایەنی ئاماژە پێدانن، چونکە گرنگییەکی زۆریان بۆ ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمدا هەیە.
هەروەها خەرجی پێویستمان بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەندین نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی دابین کردووە. بە نرخێکی هەرزانیش، سەدان یەکەی نیشتەجێبوونمان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەستەبەر کردووە.
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەش، سی و سێ ملیار دینارمان بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکان تەرخان کردووە.
هاووڵاتییانی بەڕێز:
هاوتەریب لەگەل ئەنجامدانی چاکسازی، پێویستە کار لە سەر گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانیش بکەین. ئابووری و داهاتی ئێمە تا ئێستا بەشی زۆری بەندە بە داهاتی نەوتەوە. بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت بەستراوە و کەرتەکانی دیکە فەرامۆش کراون. بۆیە یەکێک لە کار و ئەرکی لە پێشینەمان هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتە.
نابێت چیتر تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەستین. دەمانەوێت لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە، ببین بە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر.
بۆ نموونە دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و سووود وەرگرتن لەو کەرتە، وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکاتی داهاتمان.
هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش. لەم ڕووەوە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی گەشەپێدان لە کەرتی کشتوکاڵ ئەنجام بدەین.
هەروەها دەمانەوێ پشتگیریی کەرتی پیشەسازیش بکەین و پێشیبخەین. بۆ ئەم مەبەستەش کارمان لە سەر پێشخستن و بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەک ئاماژەمان پێدا لە دروستکردن و چاککردنی پرد و ڕێگاوبانەکان و بەنداو و سایلۆ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانمان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی هەرێم بابەتی گەڕاندنەوەی قەرزە کشتوکالییەکانی کردووەتە پرۆسەیەکی درێژخایەنتر و ئاسانتر، تاکو فشاری دارایی بۆ سەر جووتیاران دروست نەکرێت.
هەروەها پلانمان بۆ زیادکردنی بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان هەیە. ڕێوشوێن و ڕێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. ئێمە کار دەکەین بۆ هێنانە ئارای زەمینەیەکی لە باری ئەوتۆ کە بەرهەمە ناوخۆییەکانمان بتوانن کێبرکێ لە گەل بەرهەمی بیانی‌دا بکەن.
لە کەرتی کشتوکاڵدا، تا ئێستا ڕەزامەندیمان لەسەر سی پڕۆژەی کشتوکاڵی داوە، وەبەرهێنەرانی بیانیش ئارەزووی خۆیان نیشان داوە وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵیدا بکەن. لە دانیشتنەکانمدا لەگەل شاندە ئابوورییە بیانییەکان، هەمیشە جەختم لەسەر هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە بواری کشتوکال لە هەرێمدا کردووە.
هاووڵاتیانی خۆشەویست:
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بنیاتنانی دواڕۆژە بۆ خۆمان و نەوەکانمان.
ئێستا ئێمە کار لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە دەکەین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز، ئەو ژێرخانانەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنین.
من دەزانم بۆ خەڵکی ئێمە تا ئێستاش کارەبا جێی نیگەرانی و ناڕەزایی بووە، کە پێداویستییەکی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییان و خاوەنکاران و کۆمپانیاکانیش. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا.
ئێستا زیاتر گازی کوردستان بەکار دەهێنین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەمەش ئێستا کەمتر پشت بە گازوایلی دەرەکی دەبەسترێت، بەوجۆرەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارمان لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەم دەبێتەوە.
بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکارهێنانی کارەبای هەرێم، پێداچوونەوەی پێویستە، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەو پرۆسەیەین و هەوڵ دەدەین کەمترین ڕێژەی کارەبا بە فیڕۆ بچێت. بێگومان هاوکاریی هاووڵاتیان لەم بوارەدا زۆر کاریگەر دەبێت و بۆیە کۆمپانیاکان و ناوەندە بازرگانییەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دەبێت ئەرکی خۆیان لە بەفیڕۆنەدانی کارەبا و گەڕاندنەوەی خەرجیی بەکارهێنانی کارەبا لە ئەستۆ بگرن.
پەیوەست بە دۆخی پەروەردەوە، من ئاگادارم قوتابخانەکانیشمان لە ڕەوشێکی باش‌دا نین. سەردانی چەند قوتابخانەیەکم کردووە و دەزانم کێشە وگرفتی زۆریان هەیە و ژمارەیەکی زۆری قوتابیان لە یەک پۆلدا دەخوێنن و ڕۆژانە سێ شەفت، دەوامیان تێدا دەکرێت. هەر بۆیەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە و باشترکردنی دۆخی قوتابخانەکانمان، بودجەیەکی تایبەتمان تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی پێویستن.
لە بواری چاکسازی لە کەرتی پەروەردەشدا، لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە، قوتابخانە و قوتابی و مامۆستاکان بە یەکەوە دەبەستینەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕوونتر، پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت.
داهاتووی منداڵەکانمان بە خوێندن و پەروەردەوە به‌نده، بۆیە گرنگییەکی تایبەتی پێ دەدەین. چاوەڕوانیمان لە خاوەنکار و کۆمپانیا خۆماڵییەکان هەیە، کە هاوکاریی زیاتری کەرتی پەروەردە بکەن و لە هەڵمەتی دروستکردنی قوتابخانە لە سەرانسەری هەرێم بەشدار بن.
هاووڵاتییانی بەڕێز
بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدانی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، ڕەزامەندیمان لە سەر خەرجکردنی هاوکارییەک داوە بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. هەروەها بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایش و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و بریندارەکانمان.
بە پێی تواناش هاوکاری پێویست پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، یان ئەوانەی شایستەی چاودێری کۆمەڵایەتین. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا پشتیوانیی دارایی پێشکەشی دەیان هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات و لە دوا هەنگاویشدا، دوای پێداچوونەوە، یارمەتیی دارایی بۆ زیاتر لە دوازدە هەزار کەسی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت گەڕاندەوە، کاریش دەکەین بۆ ئەوەی ئەو یارمەتییە تەنیا خەڵکی شایستە لێی سوودمەند ببن.
هاووڵاتیانی بەڕێز
هەرچەندە لە سەد ڕۆژی کارکردنماندا دەسکەوتی باش بەدەست هاتوون. بەڵام هێشتا کاری زۆرمان لە پێشە. تا ئێستا دامودەزگاکانی حکومەت لە ئاستی ویستی ئێمەدا چالاک و بەرهەمدار نین، دەکرێ زۆر کاراتر و بەرهەمدارتر، توانا مرۆڤی و ماددیەکانمان بەکار ب