په‌رله‌مانی كوردستان: فراكسیۆنی یه‌كێتی سالار مەحموودی وەك نوێنەر بۆ چوونه‌ عه‌فرین دیاری نەكردووە

"فراكسیۆنەكان لە دیاركردنی نوێنەر بەچوونی شاندی پەرلەمان بەرپرسن"

K24 - ھەولێر

لە روونكردنەوەیەكدا پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی رێگەنەدان بە پەرلەمانتار سالار مەحموود، كە لەگەڵ شاندی پەرلەمان بچێتە رۆژئاوای كوردستان، رایدەگەیەنێت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناوی پەرلەمانتارێكی دیكەی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیكە بچێتە عەفرین، ھەروەھا فراكسیۆنەكان لە دیاركردنی نوێنەر بەرپرسیارن نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان، رۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە وەفدی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی ھەیە.

لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ھاتووە: "سالار مەحمود، بەبێ ئەوەی داواکاریی پێشوەختی ھەبووبێ بۆ بەشداریکردن لە شاندەکە، لە رۆژی رۆیشتنی شانده‌كه‌ بەبێ ئەوەی ئەندامی شاند بێت ویستوویەتی بچێتە عەفرین، بۆ ئەم حاڵەتەش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەوڵی خۆیان داوە بۆ کارئاسانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی تێپەڕاندنی سنوور رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و رۆژی رۆیشتنی شاندەکەش رۆژی پشوو بووە نەدەتوانرا ناوی زیاد بکرێت بۆ شاندەکەی پەرلەمان".

سەرۆكایەتی پەرلەمان روونیكردووەتەوە: "دیاریکردنی نوێنەری فراکسیۆنەکان بۆ شاندی فەرمی تەنھا فراکسیۆن لێی بەرپرسیارە نەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دیوانی پەرلەمان. بۆ رۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە شاندی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی ھەیە. بۆ تێپەڕاندنی سنووری ھەرێمی کوردستان پێویستە رەزامەندیی فەرمی و یاسایی ھەبێت".

 

دەقی روونكردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

سەبارەت بە رێگەپێنەدانی پەرلەمانتار (سالار مەحمود)، بە رۆیشتنی لەگەڵ وەفدی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان.

ئاماژە بەبڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (471/3/4) لە رۆژی (2018/2/8) لیژنەیەکی پەرلەمانی لە فراکسیۆنەکانی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، ئازادی)، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ کرا تا بەفەرمی سەردانی خۆرئاوای کوردستان و ناوچەی عەفرین بکەن، ھەر بۆیەش ناوی ئەندامانی لیژنە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی فراکسیۆنەکان دیاریکراوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێز (دلێر ماوەتی)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ناوی پەرلەمانتار (عەباس فەتاح)ی وەک نوێنەری ئەو فراکسیۆنە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، لە ھەمان کاتیشدا دیوانی پەرلەمان رێکاری یاسایی خۆی گرتۆتەبەر بۆ کارئاسانی و رۆیشتنی وەفدەکە بەبێبەربەست، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە بەڕێز (سالار مەحمود)، بەبێئەوەی داواکاریی پێشوەختی ھەبووبێ بۆ بەشداریکردن لە وەفدەکە، لە رۆژی رۆیشتنی وەفدەکە بەبێئەوەی ئەندامی وەفد بێت ویستوویەتی بچێتە عەفرین، بۆ ئەم حاڵەتەش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەوڵی خۆیان داوە بۆ کارئاسانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی تێپەڕاندنی سنوور رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و رۆژی رۆیشتنی وەفدەکەش رۆژی پشوو بووە نەدەتوانرا ناوی زیاد بکرێت بۆ وەفدەکەی پەرلەمان.

بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین ئەوەی روویداوە تەنھا ئەنجامنەدانی ئەو رێکارانە بووە کە دەبوایە بەڕێز (سالار مەحمود) پێوەی پابەند بێت بەم شێوەیەی خوارەوە:

1 – دیاریکردنی نوێنەری فراکسیۆنەکان بۆ وەفدی فەرمی تەنھا فراکسیۆن لێی بەرپرسیارە نەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دیوانی پەرلەمان.

2 – بۆ رۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە وەفدی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی ھەیە.

3 – بۆ تێپەڕاندنی سنووری ھەرێمی کوردستان پێویستە رەزامەندیی فەرمی و یاسایی ھەبێت.

لە کۆتاییدا ھیوای سەرکەوتن بۆ وەفدی فەرمی پەرلەمانی کوردستان دەخوازین کە بەمەبەستی گەیاندنی پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەی عەفرین-یان کردووە و داواکاریشین زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ جێگەی شەڕ و ئاشوب بگرێتەوە و بەزووترین کات شەڕ کۆتایی پێبێت.

دیوانی پەرلەمانی کوردستان

2018/2/12