239 زانا بۆ تەندروستی جیهانی: "هەڵەی" و کۆرۆنا لە هەوادا دەگوازرێتەوە

K24 – هەولێر

لەکاتێکدا هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامن، کە تائێستا زیاتر لە 11 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، 239 زانا نامەیەکی رەخنەئامێزیان ئاراستەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد.

لە نامەکەدا زاناکان ئاماژە بەوە دەدەن رێکخراوەکەی نەتەوە یەگرتووەکان شتکستی هێناوە لە پێدانی هۆشیاری لەکاتی گونجاو لەبارەی کۆرۆناوە.

239 زانا لە 32 وڵاتی جیاوازەوە نامەکەیان ئاراستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە، تێیدا بەڵگە دەخەنەڕوو: کە بەشی بچووکی ڤایرۆسەکە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەوا بمێننەوە و دوور بڕۆن و خەڵک تووشی پەتاکە بکەن.

لە پەیامەکەی ئەو زانایانەدا کە بڕیارە دەقەکەی هەفتەی داهاتوو لە گۆڤاری زانستی بڵاوبکرێتەوە، هاتووە "رێنماییەکانی لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بڵاوکرانەوە، بەڵگەکانیان لەبارەی رێڕەوی سێیەم (بوونی تەنی زۆر بچووک لە هەوا) پشتگوێخستبوون، کە ئەو تەنانە رۆڵێکی گەورە دەبینن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکەدا".

ئەو تەنە بچووکانە، دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەوادا بمێننەوە و دەیان پێ دووردەکەونەوە، واتا هەرچەندە کەسێک لە کەسێکی دیکەوە دووربێت کە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، رەنگە بەهۆی ئەو تەنانەوە ڤایرۆسەکەی بۆ بگوازرێتەوە.

پێشتر چەندین جار رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێنمایی بڵاوکردووەتەوە لەبارەی چۆنییەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە هەوا و گوتوویەتی "ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە لەڕێگەی: ئەو هەوایەی لە ئەنجامی پژمینی کەسێکی تووشبوو لە دەمی یان لووتی دەردەچێت، یان لەکاتی قسەکردن یان کۆخەی تووشبوو بەرامبەر کەسی ساغ".