باشووری کوردستان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ سیگمار گابریڵ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌مڕۆش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌غدا كۆبووه‌وه‌ و باسییان له‌ ره‌وشی مووسڵ و چۆنیه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ كردووه‌ له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی له‌ ده‌ست له‌ چه‌كدارانی داعش.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، راوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ربكاته‌وه‌، كه‌ بۆ مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانن.

ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و له‌و چوارچێوه‌یه‌ش، هاوكاری سه‌ربازی راسته‌وخۆی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كردووه‌ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات.

دیارترین ئه‌و هاوكارییانه‌شی ئه‌و وڵاته‌ پێشكه‌شی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌، چه‌كی دژه‌ تانكی میلان بووه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان، رۆڵێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كانی داعش.

سیگمار گابرێل، له‌ دایكبووی ساڵی 1959یه‌ و له‌ رۆژی 27ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2017، پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا وه‌رگرت، كه‌ پێشتر فرانك واڵته‌ر شتاینمایه‌ر له‌و پۆسته‌دا بوو و ئێستا بووه‌ته‌ سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا.

9. sidebar1_home_page