پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی رووسیا ده‌ستیپێكرد
K24 - هه‌ولێر:
كاتژمێر هه‌شتی به‌یانی، به‌كاتی مۆسكۆ بنكه‌كانی ده‌نگدان به رووی ده‌نگده‌ران كرانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكێك بۆ رووسیا هه‌ڵبژێرن و ویلایه‌ته‌كه‌شی 6 ساڵ ده‌بێت.
به گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی رووسیا، پرۆسه‌ی ده‌نگدان تا كاتژمێر هه‌شتی ئێواره به كاتی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌رێمی كامچاتكا له‌وپه‌ڕی رۆژهه‌ڵاتی رووسیا، كاتژمێر 11ی شه‌و به كاتی مۆسكۆ بنكه‌كانی ده‌نگدانی كرده‌وه، كه ده‌بێته كاتژمێر 8 به كاتی هه‌رێمه‌كه.
به‌هۆی جیاوازی كات و رووبه‌ری فراوانی وڵاته‌كه‌ش، ده‌نگدان 22 كاتژمێر ده‌خایه‌نێت، كه‌رتی كالینینگرادی رۆژئاوای رووسیا، كاتژمێر 9 ده‌نگدان كۆتایی پێدێت به كاتی مۆسكۆ، كه به‌كاتی هه‌رێمه‌كه ده‌كاته كاتژمێر هه‌شت.
دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش، ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه له رێگه‌ی په‌خشی راسته‌وخۆ له باره‌گای لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوه‌ندی له مۆسكۆ راده‌گه‌یه‌نرێت.
به گوێره‌ی وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، رێژه‌ی به‌شداربووان له هه‌ندێك ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه، رێژه‌ی ده‌نگدان گه‌یشتووه‌ته 30%.
له ته‌واوی رووسیاش 97 هه‌زار بنكه‌ی ده‌نگدان هه‌یه، ته‌نها له مۆسكۆی پایته‌ختیش 3620 بنكه هه‌یه.
پێشبینی ده‌كرێت 80%ی ده‌نگده‌ران به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه بكه‌ن و پرۆسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن لێژنه‌ی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه به كامێرا چاودێری ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بۆ زیاتر نیشاندانی شه‌فافیه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه.
به گوێره‌ی خه‌مڵاندنی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنیش، 35 ملیۆن كه‌س له رێگه‌ی سندووقی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ده‌نگ ده‌ده‌ن و لێژنه‌كه‌ش ناوی 111 ملیۆن و 425 هه‌زار كه‌سی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه تۆمار كردووه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی رووسیا.
بۆ ئه‌م خووله‌ی سه‌رۆكایه‌تی رووسیاش، هه‌شت كه‌س خۆیان كاندید كردووه، كه به گوێره‌ی زنجیره‌ی پیته‌كان (ئه‌لف و بێی رووسی)، ریزبه‌ندی ناوه‌كان كراون، ئه‌وانیش:
- سێرگی بابۆرین، پارتی یه‌كێتی گه‌لی رووسی.
- بافڵ گرۆدێنین، بازرگان و كاندیدی حزبی شیوعی رووسی.
- ڤلادیمێر گیرینۆڤسكی، پارتی لیبرال دیموكراتی رووسی.
- ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ئێستای رووسیا و سه‌ره‌بخۆ.
- كیسینیا سوبچاك، پارتی ده‌ستپێشخه‌ری مه‌ده‌نی و تاكه ژنی كاندیده.
- مه‌كسیم سۆرایكین، كاندیدی شیوعییه‌كانی رووسیا.
- بۆریس تیتۆڤ، بازرگان و كاندیدی پارتی گه‌شه‌پێدان.
- گریگۆری یاڤلینسكی، كاندیدی پارتی یابلۆكۆی لیبرالی.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی پۆلیسی رووسیا، نزیكه‌ی 17 هه‌زار پۆلیس بۆ پاراستنی سه‌قامگیری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه، بڵاوه‌یان پێكراوه، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پاسه‌وانی نیشتمانی و كارمه‌ندانی كۆمپانیای پاسه‌وانی مه‌ده‌نی و پۆلیسی میللی له مۆسكۆ.
ا. م