"شاره‌كه‌ وێرانبووه‌و 40 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل كوژراون"

هوشیار زێباری : پۆلیسی فیدراڵی هۆكاری وێرانبوونی رۆژئاوای مووسڵه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بە هۆکاری وێرانبوونی ژێر خانی رۆژئاوای موسڵ و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو شارە دەزانێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوە و دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی موسڵ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان، تۆپبارانی هەڕەمەکی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و قەناس بەدەستەکانی داعش کوژراون.

راشیگەیاندووە، بەشێک لە قوربانیانی سڤیل، تاوەکو ئێستاش لەژێر خانوو باڵەخانە وێرانبووەکاندا ماون، هەروەها هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی هۆکاری سەرەکی وێرانکارییەکانی ئەو شارەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، گەندەڵییەکی زۆر لەنێو سیستەمی بەرگریی و هێزەکانی عێراقدا هەیە، بەتایبەت لەنێو فیرقەی 9 و 16 ی سوپادا.