لە سلێمانی باوكێك دوو منداڵی خۆی فڕێ‌ دەداتە سەر شەقام

پێش فڕێدانیان منداڵەكانی بە توندی ئەشكەنجەداوە

K24 - سلێمانی

لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی باوكێك دوو منداڵی خۆی بە توندی ئەشكەنجە دەدات و فڕێیان دەداتە سەر شەقام، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگا سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی باوكێك دوو منداڵی خۆی بەلێدان و ئەشكەنجە فڕێدەداتە سەر شەقام و هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ‌ گەیشتنە شوێنی رووداوەكەو توانرا تۆمەتبار ( باوكی منداڵەكان) بە فەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 7 ی خێزانی دەستگیر بكرێت".

لەبارەی تەندروستی و چارەنووسی منداڵەكان، پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كردووە: "لە ئێستاشدا منداڵەكان بۆ خانەی چاودێری مێردمنداڵان گواستراونەتەوە. لەلایەن بنكەی پۆلیسی راپەڕینەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە".

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی لە لایەكی دیكەوە: "شەوی رابردوو لەگەڕەكی راپەڕین لە شاری سلێمانی چەند كەسێك هەڵدەكوتنە سەر سوپەرماركێتێك و دەستڕێژی گولـلە دەكەن بەو هۆیەوە كەسێك بریندار دەبێت. دوای گەیشتنی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین بە هاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن توانرا لە ماوەیەكی كەمدا 7 تۆمەتباری رووداوەكە بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەكانی (405-31 و 477 ) دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر كڵاشینكۆفێك و چەند گولـلەیەكدا".

ھ.م