عێراق و ئێران لەسەر نەوتی کەرکووك رێککەوتن

نەوتی كەركووك دەخرێتە خزمەت ئێران

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران واژوویان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکووك بۆ ئێران کرد.

جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، عێراق و ئێران لەسەر رەوانەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووك بۆ ئێران رێککەوتوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە عێراق رۆژانە 30 تا 60 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووك بۆ ئێران رەوانە دەکات و لە داهاتووشدا ئەو بڕە زیاتر دەکرێت.

هاوکات عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتی فرۆشتنی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەمزووانە رێککەوتنەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

پێشتر نەوتی پارێزگای کەرکووك لە رێگەی تورکیاوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرا و لەوێشەوە دەفرۆشرا، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر نەوتی کەرکووك بۆ تورکیا وەستاوە.