گۆڕان خۆى رێكده‌خاته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنى ناوخۆيى ئه‌نجامده‌دات

ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕانیش دەڵێت بە مەبەست کێشەکانی گۆڕان گەورە پیشان دەدرێن
kurdistan24.net

K24 – سلێمانى:

بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیەوە و دەیەوێت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنی کۆنگرەی نیشتیمانی، ناو ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و ئەو دەنگدەرانەشی، کە لە کاری بزووتنەوەکە نیگەرانن ئاشت بکاتەوە، ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕانیش دەڵێت بە مەبەست کێشەکانی گۆڕان گەورە پیشان دەدرێن.

دوایين کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنوساز بوو تایبەت بە بارودۆخی ئێستا و داھاتووی بزووتنەوەکە، چونکە كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگى گۆڕان له‌ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند کێشەیەکی دیکە، ھێندەی نەماوە بڕست لە بەشێک لە ئەندامان و دەنگدەرانی گۆڕان ببرێت.

هاوكات خودی ئەندامانی گۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن کە گۆڕانی ئێستا لەگەڵ گۆڕانی قۆناغى نەوشیروان مستەفا ئاسمان و رێسمانی جیاوازە، رەنگە کەمبوونەوەی دەنگەکانی گۆڕان دیارترین کێشەی ئێستایان بێت.

كوێستان محه‌ممه‌د، ئەندامی جڤاتى گشتی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دەڵێت: تەنھا دەنگی گۆڕان کەمی نەکردووە. به‌ گوێره‌ى په‌يڕه‌وى ناوخۆيان، بۆ ھەر بڕیار و گۆڕانکارییەک لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت  جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لێبدات، تایبەت بە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕانیش پێش راسپاردەکانی جڤاتی گشتی، جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەوەی داوە، دوای ھەڵبژاردنی 30ى ئه‌يلوول، ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەڕێوەبچێت و گۆڕانکاری ڕیشەیی بکرێت.

بەگوێرەی پەیڕە و پرۆگرامی ناوخۆی گۆڕان دەبێت 2 ساڵ جارێک ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەڕێوەبچێت، کوردستان24 زانیویەتی لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان پێک دەھێنرێت، کە لە ئەندامانی ژوورەکان و ھەر دوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی پێکدێت، تایبەت بە سەرکردە ناڕازیيەکانیش سەرچاوەیەکی لە گۆڕانەوە بۆ کوردستان24ی ئاشکرا کرد، کە پێشبینی دەکەن ئەوانیش بەشداری ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان بکەن، بەڵام جاری یەکلانەبوونەتەوە. 

ئ.ر