توركیا سەرۆكی شارەوانییەكانی دیاربەكر و وان و مێردینی دوورخستەوە

لە شوێنی ئەوان قەیوم دانران
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

پەیامنێری كوردستان24 لە ئامەد (دیاربەكرد) رایگەیاند: "حكوومەتی توركیا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن لە تیرۆر سەرۆكی شارەوانییەكانی دیاربەكر و وان و مێردینی لە كار دوور خستەوە".

گوتیشی: "لە شوێنی ھەرسێ ھاوسەرۆكی ئەو شاروانیانە قەیوم دانرا".

عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر رایگەیاند "لابردنی سەرۆك شارەوانییەكان، كودەتایەكە بەسەر ھەدەپە و شارەوانییەكان و ئیرادەی خەڵك، چونكە گەل ئێمەی ھەڵبژاردووە و دەنگی پێداون، كەچی حكوومەتی توركیا و ئاكپارتی بە بیانووی جیاواز ئیرادەی گەل پێشێل دەكات".

پەیامنێری كوردستان24 روونیكردەوە: "بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بە بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەریەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون".

پەیامنێری كوردستان24 لە دیاربەكر راشیگەیاند: "بڕیارەكە ناڕەزایی زۆری لێكەوتووەتەوە و لە درەنگانی شەوی رابردووەوە ھێڵەكانی ئینتەرنێت لە باكووری كوردستان خاوكراونەتەوە و چەندین ئەندام و لایەنگری ھەدەپەش دەستبەسەر كراون".

سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر رایدەگەیەنێت، توركیا چووەتە قۆناخێكی نوێ و ئەركداركردنی قەیومەكان، پەیامێكە دژی ئەو كەسانەی ھیوای بەرزیان ھەیە.

عەدنان سەلجوق مزراكلی، دوای دوورخستنەوەی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كرد "حكوومەتی توركیا خواستی خەڵكی پێشێل كردووە و رێز لە ئیرادەی دەنگدەران ناگرێت".

سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، جەختیشی كردەوە: "ئەوەی كراوە، كودەتایە".

ھەر پەیوەست بەو بابەتە پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) دوورخستنەوەی شارەدارەكان بە داگیركاری ناودەبات و داوای ھاتنە دەنگی ھێزە دیموكراتخوازەكان دەكات.

موسا فارس ئۆغڵلاری، پەرلەمانتاری ھەدەپە گوتی: "حكوومەتی توركیا شارەوانییەكانی داگیركردوون و نابێت لایەنە دیموكراتخوازەكانی توركیا بێدەنگ بن، پێویستە ناڕازیبوونێكی توند دژی حكوومەت نیشان بدەن، ئەگەر وانەكەن، حكوومەت دەست بەسەر شارەوانییەكانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵیشدا دەگرێت".

ھاوكات لە 29 شاری باكووری كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی توركیا ھەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی ھەدەپەی دەستیپێكردووە و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ئاشكرایان كرد، 418 كەسیان بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دەستبەسەر كردووە.                                     

ھ.م