ئەمەریكا و ئێران دوو نامەیان گۆڕییەوە

زەریف: وەڵامێکی توندی نامەکەی ئەمەریکامان داوەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر    

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، دوو نامە لەنێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕیان پێکراوە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وەڵامێکی توندی نامەکەی ئەمەریکایان داوەتەوە، ئەگەرچی ئەمەریکییەکان دەیانەوێ دۆخەکە هێور بکەنەوە، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بڕیاری تۆڵەکردنەوەی داوە.

ھەر لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، لەلایەن ئەمەریكاوە زۆر وڵات لە ھەوڵدان كە ئێرانییەكان ھێوربكەنەوە، بۆ ئەوەی كاردانەوەیەكی بەپەلە و مەترسیداریان نەبێ، ئەوروپییەكان داوای دان بەخۆداگرتن دەكەن و تەنانەت سعودیاش كە دژبەرێكی سەرسەختی ئێرانە داوای ھێوركردنەوەی دۆخەكە دەكات. لەو بەینەدا دوو نامەی گرنگ لەنێوان ئەمەریكا و ئێران ئاڵوگۆڕیان پێكراوە. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ "نامەیەكی نالۆژیكیان بۆ ھاتووەو ئەوانیش وەڵامێكی تووندیان داوەتەوە".

بە لێدوان و ھەڵوێستەكانی بەرپرسانی ئێرانەوە دیارە كە كۆماری ئیسلامی ئێران تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی دەكاتەوە، ئەگەرچی دیار نییە چۆن و كەی و لەكوێ؟ بەڵام دیارە لەو پەیامانەی لە رێگەی سویسراوە بە واشنتن گەیشتوون، پێداگری ئێران بۆ تۆڵەی تێدابووە، ھەر بۆیە ھێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچە زیادیانكردووەو وڵاتانی ناوچەش لە ئامادەباشییەكی رانەگەیاندراودان، لەگەڵ ئەوەش ترەمپیش ئەگەرچی داوای ئاشتی دەكات، بەڵام دەڵێ "دەبووایە زووتر قاسم سولەیمانی كوژرابا".

ئێستا جیھان چاوەرێی جۆری كاردانەوەی كرداری ئێرانە، ئایا ئێران تۆڵە دەكاتەوە، جۆری تۆڵەكەی چۆن دەبێ؟ وەڵامەكەش رۆژی ھەینی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دراوەتەوە، ئەوان دەڵێن بێگومان تۆڵە دەكەنەوە، بەڵام رایان نەگەیاندووە كە چۆن ئەو تۆڵەیە دەكەنەوە.

ھ.م