باڵیۆزی عێراق له رۆمانیا گێچه‌ڵی سێكسی به دوو كارمه‌ندی باڵیۆزخانه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "لیبهرتاتیا"ی رۆمانی دانپێدانانی ژنێكی رۆمانی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه كارمه‌ندی باڵیۆزخانه‌ی عێراقه له بوخاریست و له‌لایه‌ن باڵیۆزه‌وه گێچه‌ڵی سێكسی پێكراوه.
ته‌له‌ڤزیۆنی "شه‌رقیه نیوز"ی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه، رۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كات، ژنه‌كه ناوی "فلۆرهنتینا"یه و كارمه‌ندی خزمه‌تگوزاری باڵیۆزخانه‌یه.
ئه‌و ژنه كه دایكی دوو منداڵه، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا، كه رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه، محه‌مه‌د عه‌زاوی، باڵیۆزی عێراق له رۆمانیا، هه‌رچییه‌كی ویستبێت به‌رامبه‌ر به كارمه‌ندانی كردوویه‌تی، وه‌ك ده‌شڵێت: "هیچ كه‌سێك بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بووه پێی بڵێت وا مه‌كه".
ئه‌و ژنه بۆ رۆژنامه‌كه ئاشكراشی كردووه، جارێكیان ویستوویه‌تی چا بباته ژووری باڵیۆز، به‌ڵام باڵیۆزی عێراق ویستوویه‌تی ماچی بكات و گێچه‌ڵی سێكسی پێكردووه.
وه‌ك رۆژنامه‌كه باسی ده‌كات، ته‌نها یه‌كێك له‌و ژنانه بابه‌ته‌كه‌ی ئاشكرا كردووه و ژنه‌كه‌ی دیكه نه‌یویستووه له‌و باره‌یه‌وه قسه بۆ راگه‌یاندنه‌كان بكات.
تا ئێستاش هیچ یه‌كێك له باڵیۆزخانه‌ی عێراق له رۆمانیا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، لێدوانییان له‌و باره‌یه‌وه نه‌داوه.
به گوێره‌ی شه‌رقیه نیوز، محه‌مه‌د عه‌زاوی، پێشتر كۆنسوڵ بووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق باڵیۆزه‌كه‌ی خۆی بانگهێشتكردووه، بووه‌ته سه‌رۆكی شاندی نوێنه‌رایه‌تی عێراق له رۆمانیا و شوێنی باڵیۆزی گرتووه‌ته‌وه.