باندێكی دزیكردن دەستگیر كرا

دانیان بە تاوانەكان داناوە

K24 - ھەولێر

نووسینەگی نەھێشتنی تاوانی بەحركە، دەستگیركردنی باندێكی دزیكردنی راگەیاند و دانیان بە تاوانەكانیان داناوە.

سیڤەر عومەر، نەقیبی پۆلیس ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەحركە رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لە بوونی چەند رووداوێكی دزیكردن لە شاوێس و پیرزین و بەحركە، ئاگارداركراینەوە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكان رێكخرا و، لە ماوەیەكی كەمدا توانرا باندێكی دزیكردن دەستگیر بكەین".

ئاشكرای كرد: "تۆمەتباران بە ناوی (ن.ع.ع) تەمەن 19 ساڵ، (ا.ح.ا) تەمەن 18 ساڵ، (ا.ع.م) تەمەن 20 ساڵ دوای دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكانیاندا نا كە بڕێكی زۆر پارە و زێڕ و ماتۆڕسكیل و كەلوپەلی ناوماڵ و ئەلیكترۆنییان دزیبوو و زۆربەی دزییەكانیشیان لە ناحیەی پیرزین كردووە".

سیڤەر عومەر، گوتیشی: "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان كراوەتەوەو رەوانەی بەردەم دادوەركراوە، دادوەریش بڕیاریدا بە بەندكردنی تۆمەتباران بەپێی ماددە 443 لە یاسای سزادانی عێراقی".