گه‌نجێك توڕه‌بوونی چه‌كداره‌ تونده‌ڕه‌وه‌كان له‌ یاریی منداڵان داده‌مركێنێته‌وه‌

"بۆ خاتری خوا تەقەمەکەن. ئێرە پڕە لە منداڵ"

K24 - هه‌ولێر:

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە رێکخراوی کەمپینی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردۆتەوە، چەکدارانی گرووپی بەرەی فەتحولشام لە جەژندا بە چەکەوە هەڵدەکووتنە سەر شارێکی یاری منداڵان لە حەلەب و گەنجێکیش رووبەڕوویان دەبێتەوە.

گەنجەکە خێرا بەره‌و رووی چەکدارەکاندا رادەکات و هاوار دەکات" بەسە چەک، ئێرە پڕە لە منداڵ، چەکەکانتان دانێن".

گەنجەكه‌ بەو چەکدارانە دەڵێت:" منداڵێکی زۆری لێیە. بۆ خاتری خوا، ئێرە منداڵی زۆری لێیە. هەموو لەخۆدەچن".

بە گوێرەی ڤیدیۆکە کە رێکخراوەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە، بەهۆی ئازایەتی ئەو گەنجە چەکدارەکان تەقە ناکەن و شوێنەکە بێ کوشتار جێدەهێڵن.

ئەگەرچی هۆکاری هێرشەکە دیار نییە، بەڵام گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دژی سەرقاڵکردنی منداڵانن لە شاری یارییەکان، بە تایبەت لە رۆژانی جەژندا.