هۆشداری له‌ به‌شداریكردنی كورد به‌ فره‌ لیستی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌درێت

"ئه‌گه‌ر كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شدار نه‌بێت ده‌نگه‌كانی ده‌فه‌وتێن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشكرای ده‌كات، ئەوان وەكو كورد ئاگاداری داڕشتنەوەی یاسا نوێیەكەی ھەڵبژاردنی عێراق بوون، شارەزایەكی ھەڵبژاردنەكانیش داوا لە لایەنە كوردییەكان دەكات، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەیەكەوە بەشداری ھەڵبژرادنەكان بكەن.

خه‌سرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: كورد ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی ناو یاسای ھەڵبژاردنە، وە بەشداری ھەبووە لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە و دەنگپێدانی.

له‌كاتێكیشدا بە گوێرەی یاسا نوێیەكە، ھەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكانەوە گۆڕاوە بۆ سەر ئاستی قەزاكان، واتا دەنگی ھیچ پارێزگا و قەزایەك ناچێتە سەر دەنگی قەزا و پارێزگاكانی دیكە، تەمەنی كاندیدانیش لە 30 ساڵ بەرەو سەرەوە كراوەتە 25 ساڵ بۆ سەرەوە، له‌مباره‌شه‌وه‌ هۆگر چه‌تۆ، شارەزای ھەڵبژاردنەكان داوا دەكات، لایەنە سیاسییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەیەك لیست بەشداری ھەڵبژاردنەكان بكەن، ئەگەرنا دەنگی كورد لەو ناوچانە دەفەوتێ.

لە یاسای نوێدا، ژمارەی كورسی پەرلەمان لە 329 كورسییەوە كراوەتە 251 كورسی، كە 9 كورسیی ھی پێكھاتەكانە. بەم شێوەیە ژمارەی كورسی پارێزگاكانیش كەمكراونەتەوە، ھەولێر بووەتە 11 كورسی، سلێمانی بە ھەڵەبجەوە 14 كورسی، دھۆك 8 كورسی، كەركوكیش 10 كورسی.

H.B