توركیا لە دەریای ئیجەدا یۆنان ھەراسان دەكات

نەخشەكەی توركیا كەناراوەكانی دوورگەكانی یۆنانی دەگرێتە خۆی

K24 – ھەولێر:

 توركیا نەخشەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا دەستنیشانی ناوچەی بەرپرسیارییەتی خۆی كرد لە كاری گەڕان و رزگاركردن لە دەریای ئیجەدا و ئەو نەخشەیەش كەناراوەكانی دورگەكانی یۆنانی دەگرێتە خۆی و ئەم كارەش ئەسینای توڕە كرد.

ئەو راگەیاندراوەی رۆژی شەممە، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی ئابووری توركیا، عادل قەرە ئیسماعیل ئۆغلو لە تویتەر بڵاویكردەوە،  ئاماژە دەكات، ئەنقەرە بەھانای ئەو كەشتییانەوە دەچێت، كە دووچاری نوقمبوون دەبن ، كاتێك ئاماژەی فریاكەوتن دەنێرن لەو ناوچانەی چەند میلێك لە دوورگەكانی یۆنانەوە دوورن، وەك دوورگەكانی میكۆنوس، سانتۆرینی و كریت لە ناوەڕاستی دەریای ئیجەدا.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، رۆژی یەكشەممە رایگەیاند، "ئەنقەرە حاڵەتێكی شڵەژان درووست دەكات و ژیانی خه‌ڵك دەخاتە مەترسییەوە"، بەبیریشیھێنایەوە، ھەر یەك لە رێكخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی و رێكخراوی نێودەوڵەتی فڕۆكەوانی مەدەنی زیاتر لە 70 ساڵە ئەركی گەڕان و رزگاركردنی لە دەریای ئیجەدا بە یۆنان سپاردووە.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان جەختیكردەوە، حكومەتی توركیا پرسێكی دیكە دەخاتە سەر لیستی دوورو درێژی داواكارییە نایاساییەكانی لە دەریایی ئیجەدا.

ماوەی چەند مانگێكە ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و یۆنان لە سەر غازی سرووشتی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بەردەوام لە ھەڵچووندایە، ھەرچەندە ھەردووكیشیان ئەندامن لە ھاوپەیمانی ئەتڵەسیدا.

یۆنان تۆمەتی گەڕان بە شێوەیەكی نایاسایی بەدوای دۆزینەوە غازدا لە ناوچەی دوورگەكانی یۆنان ئاراستەی توركیا، بەڵام حكومەتی توركیا ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە ئەو ئاوەی تێیدا كنە و پشكنین بەدوای غازی سرووشتیدا ئەنجامدەدات بەشێكە لە ئاوی هه‌رێمایه‌تی توركیا.

یەكێتی ئەوروپاش ھەڕەشەی سەپاندنی سزاكان لە توركیا دەكات، كەچی تا ئێستا ئەم ھەنگاوەی نەناوه‌ و توركیاش بەھۆی ھەڕەشەكەوە رێڕەوی خۆی نەگۆڕیوە .