جەنگ سرووشتی عەفرین دەكاتە قوربانی

تورکیا دەوروبەری بلبلێ بۆردوومان دەکات
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

سوپای توركیا گوندەكانی دەورووبەری شارۆچكەی بلبلی سەر بە عەفرین بۆردوومان دەكات، شەرڤانێكی یەپەگەش بۆ كوردستان24 دەدوێت و دەڵێت، بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا ژمارەیەكی زۆری گوند رووخاون و خەڵكەكەشی ئاوارە بوونە.

جگە لە شەھیدبوون و برینداربوونی خەڵكی سڤیل و وێرانبوونی گوندەكانیان سرووشتی ناوچەكە زیانی زۆری بەركەوتووە، بە تایبەتی دار زەیتونەكان كە ژمارەیان لە ھەموو جۆرە دارەكانی دیكە زیاترە.

ھاووڵاتیەكی ناوچەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "سوپای توركیا بە فڕۆكە و تۆپخانەكان گوند و شارەكانمان بۆردوومان و تۆپباران دەكات".

شەڕڤانێكی یەپەگە، لە سەنگەرەكانی پێشەوەی عەفرین لە سنووری شارۆچكەی بلبل، بە كوردستان24 گوت: "توركیا لە بەرزاییەكانی دەوروبەری بلبل ناوچە ئاوەدانەكان بۆردوومان دەكات، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندێكی ناوچەكەیان لە نزیك ئێمە بۆردوومان كرد و زیانی زۆریان بە خەڵك گەیاند".