"ئەمریكا لە سووریا دەكشێتەوە"

كۆشكی سپی: بۆچوونی ترەمپ نەگۆڕاوە

K24 - ھەولێر

کۆشکی سپی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بگەڕێنێتەوە.

سارە ساندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، کارەکانی ئیدارەی ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ، لەسەر ئەو بابەتە روونە و دەیەوێت بە زووترین کات هێزەکانی ئەمریکا لە سووریاوە بگەڕێنێتەوە نیشتمان".

گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی: "واشنتن سوورە لەسەر لەناوبردنی داعش بە یەكجاری و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە سووریا".

ئەم لێدوانەی کۆشکی سپی دوای ئەوە دێت کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رازیکردووە بەوەی هێزەکانی لە سووریا نەکشێنێتەوە.

پێشتر لە 14/4/2018 ئەمریكا و فه‌ڕه‌نسا و بەریتانیا، بنكه‌ و باره‌گای سه‌ربازی سووریایان له‌ دیمه‌شق بۆمبباران كرد، كە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریكا، سەرچاوەكانی دروستكردنی چەكی كیمیاییان لە سووریا كردووەتە ئامانج. ئەو بۆردوومانەی ئەمریكا  و ھاوپەیمانانی پاش ئەوە ھات كە لە 7/4/2018 هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بە گازی ژەهراوی شاری دومایان لە ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات بۆردوومانکرد، كە زیاتر لە 100 ھاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

ھ.م