كازمی پۆستێكی باڵا دەداتە براكەی

دەیکاتە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوە و خزامەتگوزارییەکان

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق، برایەکی دەکاتە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوە و خزامەتگوزارییەکان.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی باڵای بۆ ئاوەدانکردنەوەی و خزمەتگوزارییەکان پێکهێناوە کە برایەکی بەناوی سەباح عەبدولەتیف، سەرۆکایەتی دەکات.

لیژنەکە لە 13 بریکاری وەزارەتەکان پێکدێت، لەگەڵ نوێنەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و یاریدەدەری پارێزگار. بەڵگەنامەکە بەرواری 12-8-2020ـی بەسەرەوەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە.

پێدانی ئەو پۆستە بە براکەی، لەکاتێکدایە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کازمی بڵابووەوە، تێیدا داوا لە برایەکی دیکەی بەناوی عیماد دەکات، بەهیچ شێوەیەک ناوی ئەو بۆ کاروباری رۆژانە نەقۆزێتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا کازمی دەڵێ "مافت نییە پەیوەندی بە هیچ کەسێکەوە بکەی لە عێراق و بڵێی من برای فڵانم... هۆشیار بە، سوێند بەخوا... تۆ برای گەورەی منی، رێزت دەگرم و خۆشمدەوێی، بەڵام ئەمڕۆ من هی خەڵکم هی تۆ نیم".

هـ.ر.