"له هه‌ڕه‌شه ناترسین و تا سه‌ربه‌خۆیی له ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵ به‌رده‌وام ده‌بین
K24 هه‌ولێر:
بە سپۆنسەری دامه‌زراوه‌ی راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ی كوردستان 24، ئه‌مڕۆ شەممە 16/9/2017 فێستیڤاڵی پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانیيەكان لە سوید و بە هاوكاری كۆمیتە هێزە سیاسیيەكانی سوید، ده‌ستیپێكرد.
لە فێستیڤاڵەكەدا، خەڵكێكی زۆر لە رەوەندی كوردستانی نیشتەجێی سوید و وڵاتانی دەوروبەری ئاماده‌بوون و به ئاڵای كوردستان و جلوبه‌رگی كوردییه‌وه پاڵپشتی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌رده‌بڕن، له‌و فێستیڤاڵه وێڕای بەڕێوەچوونی ئاهەنگێكی گەورەی جەماوەریی، چەندین كەرنەڤاڵ و چالاكی هونەری و میللی ئەنجامدەدرێن.
ئاهەنگەكە لە گۆڕەپانی مێدبۆرگارپلاتسن لە ستۆكهۆڵم بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندانی ناسراوی كوردستان بۆ ماوەی پێنج كاتژمێر بەردەوام دەبێ و كوردستان24 راستەوخۆ دەیگوازێتەوە.
له فێستیڤاڵه‌كه‌دا وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به زمانی سویدی و كوردی بۆ ئاماده‌بووان خوێنرایه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له په‌رله‌مانتارانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و پارته‌كانی دیكه‌ی سوید به‌شدارن و هاونیشتمانیانی كورد به جۆش و خرۆشه‌وه به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كه‌ن.
جگه له سه‌نته‌ری شاری ستۆكهۆڵم، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی سویدیشه‌وه، كوردانی ئه‌و وڵاته خۆیان گه‌یاندووه‌ته مه‌یدانی فێستیڤاڵه‌كه و خۆشحاڵی خۆیان به‌و رۆژه مێژوویییه ده‌رده‌بڕن و په‌یامی ئاشتیانه‌ی خۆیان به گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوید و ئه‌وروپا و جیهاندا ده‌ده‌ن>
له وتاری فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه كوردستانییه‌كاندا ئاماژه به‌وه‌كرا، كاتی ئه‌وه هاتووه كورد به ده‌نگی خۆی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات و ئه‌م ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵه نه‌ته‌وه‌ییان تا درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و له هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێ ناترسین.
هه‌روه‌ها سڵاویان ئاراسته هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد كه له دژی چه‌كدارانی داعش له جه‌نگدا بوون و به خوێنی خۆیان قوربانییان بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی كوردستانداوه.