سه‌رۆك بارزانی قوربانیدانی جه‌بار به‌ نموونەی ڕۆحی مرۆڤدۆستیی و فیداکاریی کورد ناوده‌بات

سه‌رۆك بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌كات كه‌ بۆ رزگاركردنی ژنێكی عه‌ره‌ب خۆی كرده‌ قوربانیی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی، خەمباره‌ بە بیستنی هەواڵی گیان لەدەستدانی هاووڵاتی (جەبار عوسمان) كه‌ لە ڕووباری چۆمان لە نزیک گوندی ''بەرسیرین'' خنکا و له‌ په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشیدا بۆ کەسوکاری ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ی له‌ پێناو رزگاركردنی ژنه‌ گه‌شتیارێكی عه‌ره‌ب له‌ خنكان، خۆی كرده‌ قوربانیی رایگه‌یاندووه‌: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو گەنجە فیداکارەی گەلەکەمان دەکەم، کە لە پێناو رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییەکی گەشتیاری عەرەب خۆی کردە قوربانی، گیان لە دەستدانی ئەو گەنجە نموونەی ڕۆحی مرۆڤدۆستی و فیداکاریی مرۆڤی کوردە".

له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی فه‌رمی خۆی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی رووداوه‌كه‌ به‌ كه‌م وێنه‌ ناو ده‌بات و له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: " ئەمە رووداوێکی کەم وێنەیە و نیشانەیەکی ڕوونە بۆ کولتوری بەرزی گەلی کوردستان، بۆ رێزگرتن لە میوان و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو و سیمبوڵی مرۆڤسالاریی کورده‌. بەم بۆنەیەوەشه‌وه‌ لە خودای گەورە داواکارم رۆحی خوالێخۆشبوو (جەبار عوسمان) بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبرو ئارامی بە خانەوادەکەی ببەخشێت.

رۆژی 17/6/2018، ژنێكی عەرەب كە بۆ گەشتوگوزار لەگەڵ خێزانەكەی روویان كردبووە دەڤەری سۆران، لە نزیك گوندی بەرسیرین كەوتە ناو رووباری چۆمان، لەو كاتە گەنجێكی خەڵكی ناوچەكە بەناوی جەبار عوسمان، ویستی رزگاری بكات، بەڵام خۆیشی خنكا.