قەشە دوعای بەسەردا دەخوێنێ و ترەمپ پرسیارێکی سەیر دەکات
K24 – ههولێر:
رۆژی هەینی رابردوو ئەندرو برونسۆن، قەشە زیندانکراوەکەی ئەمەریکا لە تورکیا، ئازادکرا و دوێنێ شەممەش بووە میوانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، قەشە سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت و چەند دوعایەکی بەسەر ترەمپدا خوێند بەڵام ترەمپ پرسیارێکی سەیری لێکرد.
قەشە داوا لە خودا دەکات "ژیری سەرو سروشتی" ببەخشێتە سەرۆکی ئەمەریکا و ترەمپ ببێتە "مایەی رەحمەت بۆ وڵاتەکەی".
ترەمپیش لە دوای تەواو بوونی دوعاکان، لە قەشەکە دەپرسێت: "تۆ دەنگت بە کێدا؟".
پرسیارەکەی ترەمپ پێکەنینێکی دروستکراو دەخاتە ناو ئامادەبووان کە لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و چەند ئەندام کۆنگرێسێکی کۆمارییەکان پێکهاتوون، دواتر هەر ترەمپ خۆی دەڵێت، "وەڵامەکەم دەزانی".
هەر لەو دانیشتنە، سەرۆکی ئەمەریکا بە ئامادەبوان دەڵێت: "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا قەشە لە زیندانەوە گەڕایەوە ئەمەریکا، شتێکی خراپ نییە".
قەشە ئەمەریکییەکە لە دوای "کودەتاکەی" ساڵی 2016ی تورکیا بە تۆمەتی یارمەتیدانی "پەکەکە و تیرۆر" دەستگیرکرا، دوای مانەوەی لە زیندانەکانی تورکیا بۆ ماوەی دوو ساڵ، واشنتن سزای دارایی تورکیای دا و داوایکرد هەرچی زووترە ئەو قەشەیە ئازاد بکرێت.
سەرچاوە: واشنتن پۆست
H.J